سوپرایزێكی گەورە بەڕێوەیە.. خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هەڵدەوەشێتەوە

03/11/2018 وەرزش

نەوا
بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، چەندین یانەی گەورەی جیهان رێككەوتنێكیان واژۆكردووە بۆ كشانەوە لە خولی یانەی پاڵەوانەكانی ئەوروپاو كردنەوەی خولێكی نوێ‌ بەناوی "خولی سوپەری ئەوروپی".
رۆژنامەی "دێر شپێگڵ"ی ئەڵمانی لەوبارەیەوە زانیاری بڵاوكردۆتەوە و تێیدا هاتوە "رێككەوتنەكە لەنێوان 16 یانەی گەورەی ئەوروپیدایە و بەپێی ئەو رێككەوتنەش ئەو خولە نوێیەی دەیكەنەوە لەساڵی 2021ەوە دەستپێدەكات".
بەپێی رۆژنامەكە، هەریەكە لە یانەكانی ریاڵا مەدرید، بەرشەلۆنە، بایرن میونشن، یوڤانتۆس، مانچستەر سیتی، مانچستەر یونایتد، پاریس سان جێرمان، ئەی سی میلان، چێڵسی و ئەرسیناڵ لەیانە سەرەكییەكانی خولە نوێیەكە دەبن، هەروەها یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بوروسیا دۆرتمۆند، مارسیلیا، رۆما و  ئینتەرمیلان لەو یانانە دەبن، كە دەبنە میوان لە خولەكەدا.


بەپێی رێكەوتنەكە، ئەو یانانە چیتر لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا یاری ناكەن كە یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا "وێفا" سازی دەكات، لەئاستەنگیەكانی بەردەم خولەكەش پارەیە و دەیانەوێت دەستكەوتە مادیەكانی خولەكە بەرزبكەنەوە بۆئەوەی یانەكان زیاتر لەو خولانەیان دەستبكەوێت، كە وێفا رێكیدەخات.
یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕێكی دیاریكراو پارە دەدات بەو یانانەی لەخولەكانیدا بەشداری دەكەن، ئەویش بەپێی ئەنجامەكانیان دەبێت و هەمیشە یانە گەورەكانیش داوای زیادكردنی دەستكەوتەكانیان دەكەن لە بەرانبەر بەشداریكردنیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group