توركیا بڕیاری دا كچە هونەرمەندێكی كورد زیندانی بكات

14/11/2018 جیهان

نەوا
هۆزان جانێ كچە هونەرمەندی كوردی باكور، كە لەمانگی حوزەیرانی رابردوەوە لە گرتوخانەكانی توركیادا دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە بڕیارێكی قورسی بەسەردا سەپێنرا و تا شەش ساڵ و سێ مانگی دیكە دەبێت لە زینداندا بمێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 14-11-2018 دادگای توركیا بەتۆمەتی ئەندامبون لە ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"دا دادگایی هۆزان جانێ-ی كچە كوردی-ئەڵمانی كرد و بڕیاری دا بۆ ماوەی شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بكات.
دادگاییەكە، لە دادگای شاری ئەدرنەی خۆرئاوای توركیا بەڕێوەچو، لەبارەی سزاكەشەوە، پارێزەری كچە هونەرمەندە كوردەكە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای وتوە "لە دادگای تێهەڵچونەوە، سكاڵا تۆمار دەكەین تا بە سزاكەدا بچنەوە".
سەرەڕای سزادانی هۆزان جانێ، دادگا تۆمەتی هاندان و سوكایەتیكردنی مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری دەوڵەتی توركیای لەسەر هەڵگرت و پوچەڵی كردەوە.


هۆزان جانێ تەمەنی 47 ساڵە و كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردو بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لە شاری ئەدرنەی توركیا دەستگیركرا، چونكە پشتیوانی لە ئاهەنگ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"ی دەكرد.
هۆزان جانێ رەگەزنامەی ئەڵمانیای هەیە و دانیشتوی شاری كۆلن-ی ئەو وڵاتەیە، ئێستاش پێنج هاووڵاتی خاوەن رەگەزنامەی ئەڵمانیا لە نێو گرتوخانەكانی توركیادان و تۆمەتی تیرۆریان روبەڕوكراوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت "دەستگیركردنی ئەڵمانییەكان بە هۆكاری سیاسییە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group