بینای باخچەیەكی سلێمانی مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵان دروست كردوە

29/11/2018 نەوا-پێشكەوت عەبدوڵڵا

باخچەیەكی ساوایانی حكومی لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی بەهۆی نەبونی مەرجەكانی سەلامەتی و خراپی كوالیتی لە دروستكردنی بیناكەدا مەترسی بۆسەر ژیانی زیاتر لە 300 منداڵ دروستكردوە.


لەوبارەیەوە هێرۆ ساڵح نەجمەدین بەڕێوبەری باخچەی منداڵانی ئاوێزە بە رادیۆی نەاوی راگەیاند، ئەم باخچەیە ساڵی 2013 دروستكراوە، بەڵام پاش ماوەیەكی كورت رۆژانە گرفتی بیناكە دەركەوت هەر لە درزی دیوار و خراپی سەقف و كۆبونەوەی ئاوی باران و لە هەندێك شوێن دڵۆپەكردن و نەبونی سیستەمی گەرمكەرەوە.


وتیشی "ئێمە گرفتەكانی ئەم باخچەیەمان بە نوسراو ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووەو چەندینجار هاتون بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان، بەڵام بەداخەوە تائێستا چارەسەری گونجاوی بۆ نەكراوە، لەئێستاشدا ژمارەیەك  لە كەسوكاری منداڵان وەك خەمخۆریەك هەوڵێكیان لە رێگەی قائیمقامییەت و پارێزگا داوە بۆئەوەی لەئێستادا بەدەنگ گرفتەكانمانەوە بێن".


لە بارەی داواكاریەكانیانەوە جگە لەو خاڵانە، بەڕێوەبەری باخچەكە داوایكرد كارەبای هەمیشەیی بۆ باخچەكەیان دابینبكرێت و لەهەمانكاتدا سەقفی ناوەندی بۆ هۆڵەكان دروستبكەن بەمەبەستی گەرمكردنەوەی بیناكە.
لەلایەن خۆیییەوە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بەمەبەستی بە دواداچون بۆ گرفتی ئەو بینایە و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوابەدوای ئامادەكردنی راپۆرتێك لەسەر كەموكوڕیەكانی ئەم بینایە لەلایەن لیژنەی باخچەی منداڵانی سەربە قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ لە نزیكەوە بە ئامادەبونی ئەندامانی زۆربەی لیژنەكان بەدواداچون بۆ كەموكوڕیەكانی ئەو باخچەیە كراوە.


وتیشی "كێشەی بیناسازی لەم بینایەدا بونی هەیە، كە مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵان و مامۆستایان دروستكردوە، هەر لە كەموكوڕی لە بیناكەدا و چەندین گرفتی هاتوچۆی رۆژانەی منداڵان، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراومان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی كردوە و تێیدا كەموكوڕیەكان خراونەتەڕو".
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان و خەمخۆرانی شار و بواری پەروەردەش كرد بەزوترین كات هاوكاری ئەو باخچەیە بكەن.


سەبارەت بە كێشەی ئەو باخچەی ساوایانەش، نەورۆزی مانگر خاوەنی پەیجی "فریادڕەس" بۆ كاری خێرخوازی، كە مەترسییەكانی سەر ئەو باخچەیەی گەیاندۆتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رادیۆ نەوا وتی "لەگەڵ هاوكارەكانم بەردەوام بەدەنگ ئەو كێشانەوە دەچین كە رۆژانە روبەڕوی ژیانی هاووڵاتیان دەبێتەوە، بینای ئەو باخچەیەش مەترسی لەسەر ژیانی سەدان منداڵی چاوگەش دروستكردوە، بۆیە بە ئەركی خۆمانمان زانی كێشەكە بگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەكان تا مەترسییەكان دوربخرێنەوە".
رونیشیكردەوە، كە بەدەنگەوەهاتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو باخچەیە هەیە و كاركردن لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێكردوە و پێویستە خێرخوازانیش بەدەنگ بانگەوازی نۆژەنكردنەوەی ئەو باخچەیەوە بێن تا هیچ كارەساتێك روی نەداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group