هۆكاری كشانەوەی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتەڕوو

05/12/2018 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لەوەدەكات كە سەرۆك وەزیران لە دیاریكردنی كاندیدەكان نادادپەروەرانە جوڵاوەتەوە و، لەسەر حیسابی لایەنێك لایەنێكی تر رازی دەكات، دەشڵێت، "تا ئێستا بڕیاری بایكۆت یان بەشداریكردنمان لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران نەداوە".
رۆژی سێ شەممە بڕیاربوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەشت وەزیری كابینەی نوێ بخاتە دەنگدانەوە بۆ پێدانی متمانە پێیان، بەڵام بە هۆی ناكۆكی لایەنەكان تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، دانیشتنەكە بۆ رۆژی پێنج شەممە دواخرا. 
سەلیم شوشكەیی ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا، سەبارەت بەو دانیشتنە و هەڵوێستی فراكسیۆنەكەیان وتی: "فراكسیۆنی كۆمەڵ بە فەرمی بایكۆتی هیچ دانیشتنێكیان نەكردووە، بەڵام دوای ئەوەی بینیویانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، رەچاوی دادگەری نەكردووە لە نێوان پێكهاتە و لایەنەكان، لە سەر حیسابی لایەنێك لایەنی تری رازی كردووە، لە دانیشتنەكە كشاونەتەوە".
رونیشیكردەوە، هۆكارێكی تری كشانەوەیان ئەوە بووە كە بۆیان دەركەوتووە، لایەنەكان ناگەنە ئەنجام و رێكناكەون.
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە بڕیاری فراكسیۆنەكەیان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران وتی: "تا ئێستا بڕیاریان نەداوە كە بایكۆتی ئەو دانیشتنە دەكەن یان بەشدار دەبن تێیدا، بەڵام پرس و را لەگەڵ فراكسیۆنە كوردیەكانی تر دەكەن و ئەگەر زانیان دەستكەوتی بۆ كورد تێدا دەبێت، بەشداری دەكەن، بە پێچەوانەوە ناچنە دانیشتنەكەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group