پەرلەمانتارێكی پارتی: دور نییە یەكلایی كردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەیەك دوابكەوێت

05/12/2018 عێراق

نەوا
شیروان دوبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لەوەدەكات ئەگەر لایەنەكان رێكنەكەون، یان فالح فەیاز كە كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ نەكشێتەوە، دور نییە یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستە بۆ یەك دوو مانگ دوابخرێت و تا ئەو كاتەش لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە بە وەكالەت بەڕێوەببرێت.
لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا، شیروان دوبەردانی، سەبارەت بەئەنجام نەگەیشتنی دانیشتنی رۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی نوێنەران كە تایبەت بوو بە متمانەدان بە كاندیدەكانی ئەو هەشت وەزارەتەی لە كابینەی نوێی عیراق ماون، وتی: "كێشەكە لەسەر وەزارەتی ناوخۆیەوە ئەمەش بە رێگەی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان یان كشانەوەی فالح فەیاز لە كاندیدبوون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە چارەسەر دەكرێت".
وتیشی: "بە پێچەوانەوە و لە ئەگەری نەهاتنە ئارای رێككەوتنەوە لە رۆژانی داهاتوودا، دواخستنی یەكلایی كردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەك دوو مانگی تر، ئەگەرێكی كراوەیە".
پەرلەمانتارەكەی پارتی هێمای بۆ ئەوەشكرد، دەكرێت ئەو وەزارەتە هەر لە لایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانەوە بە وەكالەت بەڕێوەببرێت، ئەمەش زۆر ئاساییە و باشتریشە لەوەی ئەو پرسە ببێتە هەوێنی دروستكردنی شڵەژان و ناكۆكی لە ناو شەقامی عیراقی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group