پشووەكانی عێراق و هەرێم یەكدەخرێن

07/12/2018 عێراق
بەوتەی پەرلەمانتارێكی كورد، لەڕێگەی یاساكەوە سەرجەم پشووەكان لەسەرتاسەری عیراق یەكدەخرێن و تایبەتمەندیش بەپێكهاتەكان دەدرێت.
سەلیم شوشكەیی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند: بەپێی یاسا دەبێت زۆربەی بۆنە گشتییەكانی عیراق، هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوەو لە شارەكانی هەرێمیش هاوشێوەی عیراق بكرێتە پشووی فەرمی.
وتیشی: پرۆژەیاسای بۆنە گشتییەكان، كە لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوەو چاوەڕوانی پەسەندكردنی دەكرێت، بەشێوەیەك داڕێژراوە، بۆنە گشتگیرەكان دەكرێنە پشووی فەرمی لە سەرتاسەری عیراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پێكهاتەكانیش تایبەتمەندییان پێدەدرێت و هەر بۆنەیەك كە تایبەت بێت بەخۆیان، بۆیان دەكرێتە پشووی فەرمی و كەسانی سەر بەو پێكهاتەیە، لەو رۆژەدا دەوام ناكەن.
سەلیم شوشكەیی راشیگەیاند، بەپێی پرۆژەیاساكە، 30 رۆژ دەكرێنە پشووی فەرمی، وتیشی: لەگەڵ دەستبەكاربوونی تەواوەتی پەرلەمان، كار لەسەر پرۆژەكە دەكەینەوەو پەسەندیشی دەكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group