سەركردەیەكی كۆمەڵ: تائێستا پارتی ئاگاداری نەكردوین لەوەی سەردانمان دەكات

09/12/2018

نەوا
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی باس لەوەدەكات تا ئێستا پارتی ئاگاداری نەكردونەتەوە، كە بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو سەردانیان دەكات، هاوكات جەختیش دەكاتەوە، كە ئەگەر حكومەتی داهاتوو هاوشێوەی حكومەتی ئێستا بێت، زیانی لە سودەكانی زۆرترە و باشترە لایەنەكان پرسەكە بۆ پارتی بەجێبهێڵن، تا بە تەنهایی حكومەت پێكبهێنێت.
بڕیارە بەم نزیكانە شاندی پارتی بە مەبەستی تاووتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەت سەردانی لایەنەكان بكات، جاری پێشوو شاندی ئەو حزبە لە سلێمانی گۆڕان و یەكێتی بەسەركردەوە و ئەمجارەش باس لەوەدەكرێت هەر لەگەڵ ئەو دوو لایەنە كۆدەبێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كۆمەڵی ئیسلامیش هێشتا خۆی لە نێوان ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشداری لە حكومەت یەكلا نەكردۆتەوە.
لە بارەی ئەوەی ئایا پارتی ئاگاداری كردونەتەوە لەوەی سەرەدانیان دەكات یان نا، سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ و بەرپرسی پەیوەندیەكانی ئەو حزبە لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا وتی: تا ئێستا ئاگادار نەكراونەتەوە، جاری پێشووش شاندی پارتی لەگەڵ گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوە.
بڕوای خۆیشی نیشاندا بەوەی كە گۆڕان و یەكێتی بەرچاویان روون نییە لە پێكهاتنی ئەم حكومەتەوە و ئەوەشی كە كۆمەڵی ئیسلامی تا ئێستا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە خودی پرسی پێكهێنانی حكومەتەكەیە.
ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ روونیشیكردەوە، كە حزبەكەی بڕوای وایە كە دوای ریفراندۆم دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە داڕشتنەوە و فۆرمولەكردنەوەی سەرتاسەری هەیە، پێویستیشی بە هەموو لایەنەكان دەبێت، دوای ئەوە دەبێت باسی پێكهێنانی خودی حكومەتەكە بكرێت، ئەو كاتە كێ بەشدار دەبێت و كێ بەشدار نابێت ئازادە.
سەلیم كۆیی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لە بەشێكی تری قسەكانی دا ئاماژەی بەوە كێشە و قەیرانە سیاسیانەی پێنج ساڵی رابردوو و ئەو گۆڕانكاریانە كرد كە بەسەر پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدادا هاتوون لە دوای ریفراندۆم و رایگەیاند: بەشداری كردن لە حكومەتی داهاتوو، ئەگەر هاوشێوەی حكومەتی ئێستا بێت، لایەنەكان زیانی زۆری لێدەكەن و باشتر وایە، دەرفەت بدرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان، چوونكە براوەی یەكەم و بانگەشەی ئەوە دەكات كە براوەی راستەقینەی ئەم هەرێمەیە، بۆ ئەوەی بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت، بە تایبەتی كە لە رابردوودا شێوازەكانی پەنجا بە پەنجا و بنكە فرلاوان تاقیكراونەتەوە و شكستیان هێناوە.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەوە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی  بەرچاوی خەڵك روون ببێتەوەكە كێ دەتوانێت خزمەتی خەڵك بكات و كێ ناتوانێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو گەندەڵیانەش كە هەر خۆیان كردوویانن، هەر خۆیان دەتوانن و دەبێت چاكی بكەن، ئێمەش هاوكارێكی جدی دەبین بۆ چارەسەركردنیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group