"كردنەوەی دووەمین دەروازەی سنوریی توركیا-عیراق دەبێتە كارئاسانی لە بازرگانی"

10/12/2018 عێراق

نەوا
فاتیح یڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، لەبارەی دووەمین دەروازەی سنووری نێوان توركیا و عیراق كە بڕیارە بكرێتەوە، رایگەیاند "كردنەوەی دووەمین دەروازەی سنووری توركیا لەگەڵ عیراق، دەبێتە هۆی كارئاسانی لە بازرگانی و فراوانكردنی رێگاكانی بازرگانی".
فاتیح یڵدز لەبارەی دوا پێشهاتەكانی دەروازەی ئۆڤا كە لە بەرنامەدایە لە نێوان توركیا و عیراق بكرێتەوە بە ئانادۆڵی راگەیاندووە "لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەتی عیراق كۆبووینەتەوە. كردنەوەی دووەمین دەروازەی سنوری پەیوەندی بە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداشەوە هەیە. هەست بەو هاوسەنگییە دەكەین، بەڵام ئێمە بە پێویستی دەزانین بە تەواوی لە میانی باجی بەهای سەربار سەیری بكرێت و بە شێوەی سەربەخۆ لەو هاوسەنگییە تاوتوێ بكرێت. كردنەوەی دووەمین دەروازەی سنووری توركیا لەگەڵ عیراق، دەبێتە هۆی كارئاسانی لە بازرگانی و فراوانكردنی رێگاكانی بازرگانی. بەجۆرێك قەبارەی بازرگانی دەگاتە 13 ملیار دۆلار". 
فاتیح یڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، راشیگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لە رێگەی توركیاوە، پێشهاتێكی گرنگە، بەڵام هێشتا بیرە نەوتەكانی كەركوك و هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوت، بە توانای راستەقینەی خۆی نەكەوتووەتەوە كار، ئەوەشی وت: "نەوتی كەركوك بۆ توركیا و عیراق پەیوەستێكی گرنگی وزەیە. ئەو هێڵەی كەوتووەتە كار، ئەو هێڵەیە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دێت. هێڵە كۆنەكە چاوەڕوانی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەیە. كۆمپانیا توركییەكان خواستی خۆیان بۆ بنیاتنانەوەی هێڵەكە نیشانداوە. پێویستە بیرە نەوتەكانی كەركوك و هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوت، بەتوانای راستەقینەی خۆی كار بكات. ئەمەش بابەتێكە پەیوەستە بە حكومەتی عیراقەوە".
باسی لەوەشكرد، نە بیرە نەوتەكان بەوپەڕی توانایانەوە كاردەكەن، نە هێڵەكە بەوپەڕی توانایەوە كاردەكات. وەك چارەسەرێكی كاتی تەماشای ئەمە دەكەین، بەڵام سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی گرنگە و رێككەوتنی بەغدا و هەرێمیش لەوبارەوە گرنگە. كەركوك و بەغدا پێویستیان بەو داهاتەیە كە لە هەناردەكردنی نەوت بەدەستدێت. لێرەدا باوەڕمان وایە ئەگەر توانای هێڵەكە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران، پەیوەندییەكانیش دەگەڕێنەوە دۆخی جاران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group