وەزیری نەوتی عیراق: "پێشبینی بەرزبونەوەی نرخی برێنت دەكەین"

10/12/2018 عێراق

نەوا
سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق، رایگەیاند كە پێشبینی دەكەن، بە ھۆی رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرھەمهێنان لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك و بەرھەمهێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی روسیا، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بەرز ببێتەوە.
لە كۆنگرەی "توانا زانستییەكان" كە وەزارەتی نەوت لە بەغدا سازیكردووە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، سامر غەزبان وتارێكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشبینی دەكەن لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەكاندا وردە وردە بەرزببێتەوە و ئەوەشی ئەوە وەبیرھێنایەوە، ئەگەر رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرھەمهێنان لە نێوان وڵاتانی ئەندام و بەرھەمهێنەرانی سەربەخۆ نەبووایە، ئەوا نرخی برێنت زیاتر دادەبەزی و دەگەیشتە 45 بۆ 50 دۆلار.
رۆژی ھەینی رابردوو، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك و بەرھەمهێنەرانی سەربەخۆ بەڕابەرایەتی رووسیا گەیشتنە رێككەوتنێك كە بەپێی رێككەوتنەكە ئاستی بەرھەمهێنان بە یەك ملیۆن و 200 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمدەكەنەوە.
لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، عیراق ئاستی بەرهەمهێنان بە 139 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمدەكاتەوە.
عیراق لە دوای سعودیە دووەم گەورە بەرھەمهێنەری نەوتە لە رێكخراوی ئۆپێك كە لە رۆژێكدا، چوار ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمدەھێنێت.
لە میانی سێ مانگی رابردودا، ئاستی ھەناردەكردنی نەوتی عیراق كەمیكردووە، بەو پێیەی لە مانگی رابردوودا، سێ ملیۆن و 372 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ھەنادەكرابوو لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، سێ ملیۆن و 469 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ھەناردەكرابوو لە مانگی ئەیلولی رابردودا، سێ ملیۆن و 560 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا ھەناردەكرابوو.
لەمبارەیەوە سامر غەزبان ئاماژەی بەوەدا كە ھۆكاری دابەزینی ئاستی ھەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی، ھونەری نییە، بەڵكو بۆ خراپی رەوشی كەشوھەوا دەگەڕێتەوە و ئەوەشی ئاشكراكرد كە وەزارەتەكەیان پلانی ھەیە بە قۆناغ ئاستی ھەناردەكردن بگەیەندرێتە، شەش ملیۆن و 500 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. 
لەبارەی دەستپێكردنەوەی ھەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوك، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند كە وێرای ئەوەی بڕی نەوتی ھەناردەكراوی كەركوك لەئێستادا، كەمە، بەڵام وڵاتەكەی نرخی زۆر باشی لەبارەی نەوتی كەركوك، پێدراوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووە، ھەناردەكردنی نەوت لە كیڵگەكانی كەركوك دەستپێكراوە و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، تێكرای ھەناردەكردنی نەوتی خاو لە كەركوك لە مانگی رابردووە، گەیشتووەتە ھەشت ھەزار و 716 ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group