ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە

10/12/2018

نەوا – سالم سەلیم 
سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممە 11-12-2018 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 49هەمین دانیشتنی خۆی سازدەكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەو ئەندامانەی بوون بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی كوردستان یان لە ئەنجومەنی نوێنەران و هەروەها گۆڕانكاری لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگادا دەكات و كەسێكی دیكە لەشوێنی دادەنێت.
مەهدی مەحمود سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە بۆ سەرخستنی 3 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەران و دانانی كەسی دیكە لە شوێنەكانیان و هەروەها گۆڕانكاری لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگادا دەكرێت و كەسێكی دیكە لە شوێنی دادەنرێت، وتیشی: "ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوی خەڵكە بۆیە لەكاری خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت تا حكومەتی هەرێم بە فەرمی چارەنوسی ئەنجومەنەكان یەكلایی دەكاتەوە".
مەهدی مەحمود باسی لەوەشكرد، "هەرچەندە تا ئێستا چەندینجار داوا لە حكومەت كراوە پرسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم یەكلایی بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی لەو روەوە نەبووە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەردەوام دەبێت لە كاری چاودێری دامودەزگاكان و پرۆژەكانی حكومەت، تا ئەو كاتەی حكومەتی بڕیاری كۆتایی خۆی لەسەر ئەم پرسە دەدات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group