داواكارییەك ئاڕاستەی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دەكرێت

10/12/2018

نەوا – سالم سەلیم 
كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان داوادەكات حكومەتی داهاتووی هەرێم لە بەرنامەكەیدا رەچاوی خراپی دۆخی كرێنشینانی هەرێم بكات و ئاوڕی جدیان لێبداتەوەو بەشێوەی حكومەتی فیدراڵی پارەی پێویستیان بۆ دابین بكات بۆ كڕینی یەكەیەك لە پرۆژەكانی نێشتەجێبوون لە هەرێمدا.
بەرهەم قەرەداغی سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "ئەركی هێزو لایەنەكانی بەشدابووی حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستانە دەست لەناو دەستبن بۆ خزمەتكردنی چینی هەژار و كەمدەرامەت و بەشێوەی حكومەتی فیدراڵی كە بەمدواییە بڕیاریداوە بڕی 75 ملیۆن دینار بدات بە فەرمانبەران و كرێنشینان بۆ كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون لە پرۆژەكان ئاوڕی جدی لە هەژارانی هەرێمی كوردستانیش بدرێتەوە".
وتیشی: "پێویستە حكومەتی هەرێم لە نەهامەتی كرێنشینان تێبگات و كە لە ئێستادا لە دۆخێكدان هەندێكیان پەنادەبەنە بەر فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان بۆ دابینكردنی كرێی خانوو بژێوی خێزانەكانیان".
بەرهەم قەرەداغی سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێویستە هەركەسێك دەبێتە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، رەچاوی خراپی دۆخی چینی كرێنشینان بكات و تواناكانی بخاتە كار بۆ فەراهەمكردنی ژیان و خوشگوزەرانی بۆ هەژاران و رزگاركردنیان لەم دۆخە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group