راوێژكارێكی كۆمارییەكانی ئەمریكا: ئەوەی لە عەفرین روویدا لە رۆژهەڵاتی فوراتیش دووبارە دەبێتەوە

12/12/2018 جیهان

نەوا
راوێژكاری كۆماریەكانی ئەمریكا باس لەوەدەكات، ئەمجارەش واشنتۆن لە ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و ئەوەی لە عەفرین روویدا لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیش دووبارە دەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی ئەوەی كرد كە پەلاماری ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەدەن كە بەدەست كوردەوەیە، لەو بارەوە و لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا، زەردەشت بابان راوێژكاری كۆمارییەكانی ئەمریكا ئاماژەی بە رێككەوتنێكی پێشووتری واشنتۆن و ئەنقەرە كرد، لە بارەی پێكهێنانی گروپێكی كاری هاوبەش، كە ئامانجی ئەوەیە كە دەستی توركیا ئاواڵا بێت لەوەی هەركات بە پێویستیزانی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی لە سوریا جموجۆڵ بكات.
ئەو راوێژكارەی كۆمارییەكانی ئەمریكا لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا بە لەبەرچاوگرتنی بوونی هێزە ئەمریكیەكان لە رۆژهەلاتی فورات، ئەمجارەش واشنتۆن هاوشێوەی داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە بێدەنگ دەبێت یان نا وتی: "بەڵی، ئەمریكا ئەمجارەش بێدەنگ دەبێت و ئەو وڵاتە داوای لە گروپە كوردییەكان كردووە كە نەكەونە جەنگەوە لەگەڵ توركیا و ناوچەكان بەجێبهێڵن، ئەمەش بە راستی جێگەی داخە، چونكە كوردەكان پاڵپشتی ئەمریكا بوون و بەبێ ئەوان واشنتۆن پێشكەوتنەكانی لە باكوری سوریا بەدەستنەدەهێنا و زۆریەك لە سیاسەتمەدارانی ئەمریكاش جەخت لەوەدەكەنەوە كە نابێت جارێكی تر پشتی كورد بەربدرێت، بەڵام ئەم هەڵوێستانە لە ئاستی قسەدا ماونەتەوە و نەبوون بە كردار و لە زەمینی واقعدا ئەمریكیەكان باس لەوەدەكەن كە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا وەك ئەندامێكی ناتۆ زیاترە لە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ لایەنەكانی تر".
ئەو راوێژكارەی كۆماریەكان جەختیشی كردەوە لەوەی، كە لەئەگەری پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە، ئەمریكا هەڵوێستی نابێت و ئەوەی لە عەفرین روویدا لە رۆژهەڵاتی فوراتیش دووبارە دەبێتەوە و دەبێت ئەو ناوچانە چۆڵبكرێن و بدرێنە دەست هێزێك كە پێی دەوترێت هاوبەش، كە لە راستیدا هاوبەش نییە و تەنها چەند راوێژكارێكی ئەمریكی تێدایە و ئەویتری هەمووی هێزی توركین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group