لایەنەكانی یەمەن لە سوید رێككەوتن

13/12/2018 جیهان

نەوا
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند كە لە دانوستانەكانی یەمەن لە سوید، لایەنەكان لەسەر بەندەری حودەیدە و ناوەندی شاری حودەیدە گەیشتن بە رێككەوتن.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە كۆشكی جۆنانسبێرگی شارەدێی ریمبو سەر بە شاری ستۆكهۆڵم پایتەختی سوید، لەبارەی كۆبوونەوەكانی پەیوەندیدار بە یەمەن كە لە رۆژی پێنجەشممەی رابردووەوە لە سوید دەستیپێكردبوو، پرێس كۆنفرانسێكی ئەنجامدا و رایگەیاند، لەبارەی بەندەری حودەیدە و ناوەندی شاری حودەیدە لایەنەكان رێككەوتوون، جەختیشی لەوە كردەوە كە بڕیاردراوە "ھێزە بێ لایەنەكان لە بەندەر و ناوەندی شارەكە جێگیر بكرێت" و " ئاگربەستی گشتگر رابگەیەندرێت".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس راشیگەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی سەركردە لە بەندەری حودەیدە دەگێرێت و رێگای گەیاندنی ھاوكاری مرۆیی بۆ یەمەن دەكاتەوە، بەمەش ئاستی ژیانی ملیۆنەها كەس گوڕانی بەسەردا دێت.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەشكرد كە بۆ ئاسانكردنی رەوشی تەعز گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی هاوبەش، ئاماژەی بەوەشدا كە باوەڕی بە كردنەوەی "رێڕەوێكی مرۆیی" هەیە لە شارەكەدا.
هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتیرێس باسی لەوە كرد كە لەگەڵ لایەنەكان گەیشتوون بە رێككەوتن لەبارەی دانوستان لەسەر چوارچێوەی رێككەوتن سەبارەت بە بابەتە سیاسییەكانی كۆبوونەوەی ئاشتیی یەمەن كە بڕیارە مانگی كانوونی دووەم رێكبخرێت. 
بەندەری حودەیدە بۆ یەمەن گرنگییەكی زۆری هەیە لەبەرئەوەی نزیكەی 90%ی بەرهەمی خۆراكی و 80%ی هاوكارییە مرۆییەكان لەوێوە دەچنە یەمەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group