گۆتێریس: حوسیەكان و هێزەكانی حكومەتی یەمەن لە شاری حودەیدە دەكشێنەوە

14/12/2018 جیهان

 

هەردوولایەنی جەنگی ناوخۆی یەمەن، حوسیەكان و حكومەتی دانپیانراوی ئەو وڵاتە لەمیانەی دانوستانەكانی ئاشتی لە سوید كە بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەچوو، ڕێككەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە حودەیدە و كشانەوەی هەموو هێزەكان لەو شارە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سوید ڕایگەیاند " گەیشتووین بە ڕێكەوتنێك لەسەر بەندەرەكە و شاری حودەیدە، و هێزە بێلایەنەكان لە شارەكە و بەندەرەكەدا بڵاودەكرێنەوە و وەستاندنی شەڕ لە پارێزگاكەدا جێبەجێ دەكرێت، نەتەوە یەكگرتووەكانیش ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە بەندەرەكەدا."
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس ڕاشیگەیاند، هێزە چەكدارەكانی هەردوولا لەماوەی چەند ڕۆژێكدا لە بەندەری حودەیدە دەكشێنەوە كە خاڵی سەرەكی زۆربەی هاوردە بازرگانییەكان و یارمەتییەكانە، دواتر هەموو هێزەكان لە شارەكە و دەوروبەری شارەكە دەكشێنەوە.
 لە كۆتاییدا سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی وتووە، بیر لە چوارچێوەیەكی سیاسیی نوێ دەكەنەوە  بۆ دانوستانەكانی داهاتووی ئاشتی یەمەن كە لە كۆتایی مانگی یەكی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت لە نێوان حكومەتی یەمەن و حوسییەكاندا.
حودەیدە كەدەكەوێتە سەر دەریای سور،  لە مانگی تشرینی یەكەمی 2014 و لەدوای مانگێك لە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت، لەلایەن چەكدارە حوسییەكانەوە كۆنتڕۆڵكرا، گرنگی ئەو ناوچەیەش بۆ حوسییەكان لەوەدایە كە تاكە ڕێڕەوی دەریاییە بتوانن لە ڕێگەیەوە خۆراك و یارمەنی پزیشكی بگەیەننە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group