وەزارەتی پلاندانانی عیراق روپێوییەكی سەرنجڕاكێش بڵاودەكاتەوە

15/12/2018

نەوا
وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئەنجامەكانی رووپێوێكی تایبەت بە ساڵی 2018 بڵاودەكاتەوە كە بەپێی ئەو رووپێوییە لە عیراق 32 لەسەدی داهاتی خێزانەكان بۆ خۆراك دەڕوات، هەروەها رێژەی زیاتر لە 48 لەسەدی خێزانەكان مانگانە لەنێوان یەك ملیۆن بۆ دوو ملیۆن دینار خەرج دەكەن.

بەپێی ئەنجامەكانی رووپێوییەكە رێژەی 41,7 لەسەدی عیراقییەكان ئۆتۆمبێل و 15,9 لەسەدییان كۆمپیوتەری تایبەت بەخۆیان هەیە.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئامارەكانی تایبەت بە هەژاریی لەعیراق بۆ ساڵی 2018 بڵاوكردەوە و تێیدا بەپێی رووپێوییەك كە دەزگای ئاماری عیراق و كارگێڕیی جێبەجێكردنی ستراتیژییەتی كەمكردنەوەی هەژاری لە وەزارەتی پلاندانان جێبەجێیان كردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و بانكی نێودەوڵەتی ئامار، ژمارەی نوێ دەردەكەون.

ئەو رووپێوییە نموونەی وەرگیراو تێیدا 8 هەزار و 640 خێزان بووە لەهەموو پارێزگاكانی عیراق لەخۆدەگرێت و هەر پارێزگایەك 360 خێزانی تێدا وەرگیراوە جگە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە 900 خێزان بوون، لەو رووپێوەدا قەبارەی خەرجیی خێزانەكان لەسەر كاڵا و خزمەتگوزاریی بەكاربەریی لە ساڵانی 2012، 2014، 2017 و 2018 خراوەتەڕو.

گرووپی بەرهەمی خۆراكی بە پلەی یەكەم و بەرێژەی 32 لەسەد دێت، پاش ئەو سووتەمەنی، نیشتەجێ بوون و وزە بەپلەی دووەم و بەرێژەی 24 لەسەد دێت، هەروەها بەرێژەی 12,1 لەسەد گواستنەوە و بەرێژەی 6,4 لەسەد جلوبەرگ و پێڵاو دێت، هەروەها لەكۆتاییدا مۆبیلیات و پێویستیی ماڵەوە بە پلەی پێنجەم و بەڕێژەی 5,2 لەسەد دێت.

هەروەها تێكڕای خەرجیی خێزانێك بۆ هەر مانگێك بەمشێوەیەیە:
*31 لەسەدی خێزانەكان كەمتر لە یەك ملیۆن دینار لە مانگێكدا خەرج دەكەن.
*48.2 لەسەدی خێزانەكان مانگانە لەنێوان یەك ملیۆن بۆ دوو ملیۆن دینار خەرج دەكەن.
*14.6 لەسەدی خێزانەكان لەنێوان دوو ملیۆن بۆ سێ ملیۆن دینار لە مانگێكدا خەرج دەكەن.
*رێژەی 5.7 لەسەدی خێزانەكان لەنێوان سێ ملیۆن دینار و زیاتر خەرج دەكەن.

هەرچی پەیوەندیی بە خەرجیی تاكەكانەوە هەیە ئەوا بەمشێوەیەبوە:
*رێژەی 45,7 لەسەدی تاكەكان مانگانە كەمتر لە 200 هەزار دینار خەرج دەكەن.
*26,8 لەسەدی تاكەكان مانگانە لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینار خەرج دەكەن.
*14 لەسەدی تاكەكان لەنێوان 300 بۆ 400 هەزار دینار خەرج دەكەن.
*13,3 لەسەدی تاكەكان زیاتر لە 400 هەزار دینار خەرج دەكەن.

هەر لەو رووپێوییەدا ئەوە دەردەكەوێت كە تێكڕای قەبارەی خێزان لە عیراق 6 كەس دەبێت، 5,9 كەس لە شار و 6,5 لە گوندەكانن، هەروەها رێژەی 38,9 لەسەدی دانیشتوانی عیراق لە 15 ساڵان كەمترن.

هەرچی لەبارەی خانووەوەیە، ئەوا رووپێوییەكە ئەوەی دەرخستووە كە رێژەی 72 لەسەدی خێزانەكان واتە سێ لە هەر چوار خێزانێك، خانووی خۆیان هەیە.

سەبارەت بە لەكۆڵكردنەوەی پاشماوەی خێزانەكانیش 53 لە سەدیان لەرێگەی شارەوانییەوە ئەو كارە دەكەن، 25 لەسەدیش فڕێی دەدەنە دەرەوەی خانووەكانیان، 8 لەسەدیش دەیخەنە نێو ئەو شوێنانەی بۆیان تەرخانكراوە، رێژەی 13 لەسەدیشیان دەیانسوتێنن.

هەرچی بڕی ئەو كارەبایەیە كە رۆژانە دەدرێت نزیكەی 17 كاتژمێر دەبێت، لەگەڵ شەش كاتژمێر لەرێگەی موەلیدە ئەهیلییەكانەوە، هاوكات رێژەی 98 لەسەد ی خێزانەكان غازی شل بۆ لێنانی چێشت بەكاردەهێنن، رێژەی 92 لەسەدی خێزانەكانیش یەكەی نیشتەجێ بووەكانییان بە تۆڕی ئاوی گشتییەوە بەستراوەتەوە.

هەر لەو رووپێویەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئەوە ئاشكرا بووە كە رێژەی 41,7 لەسەدی عیراقییەكان ئۆتۆمبیل و 15,9 لەسەدییان كۆمپیوتەری تایبەت بەخۆیان هەیە، 10,9 لەسەدی خێزانەكان ئای پاد و 78,5 لەسەدی خێزانەكانیش مۆبایلییان هەیە.

ئەوەشی كە پەیوەندیی بە بواری رۆشنبیرییەوە هەیە ئەوا رووپێوییەكە دەریخستووە 87 لەسەدی تاكەكان كە تەمەنییان لەسەروو 10 ساڵانەوەیە نووسین و خوێندنییان باشە.
رێژەی بێكاری لەنێو ئەوانەی 15 ساڵ و بەسەرەوەن 13,8 لەسەد بووە، لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 24، رێژەی 27,5 لەسەدی نموونەكانی بەشدار لە رووپێوەكە بێكار بون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group