بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا ئەركیان ئاسانە

17/12/2018 وەرزش

نەوا
تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا راكێشرا و سێ روبەڕوبونەوەی قورسی ئەڵمانی-ئینگلیزی بەخۆیەوەدەبینێت، ئەركی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدریدیش تا رادەیەك ئاسانە.
تیروپشكەكە پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 17-12-2018 لەشاری نیۆنی سویسرا راكێشرا و قورسترین ئەنجامیش بۆ لیڤەرپوڵی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی بو، كە روبەڕوی یەكتر دەبنەوە، شاڵكەی ئەڵمانیش لەبەرانبەر مانچستەر سیتی یاری دەكات، سێیەم بەریەكەوتنی نێوان ئەڵمانی و ئینگلیزەكانیش بە نسیبی بوروسیا دۆرتمۆند و تۆتنهام كەوت.
هەروەها ئەتلەتیكۆ مەدرید و یۆڤانتۆس روبەڕوی یەكتردەبنەوە و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بواری گەڕانەوەی بۆ مەدریدی پایتەخت بۆ دەڕەخسێت، بەڵام بەلای سانتیاگۆ بێرنابیۆی مەنزڵگەی یانەی شاهانەدا ناڕوات، كە 9 ساڵی تەمەنی پیشەگەربونی تێدا بردۆتەسەر.
یەكێكی دیكە لە روبەڕوبونەوە قورسەكان، بەریەككەوتنی مانچستەر یونایتد و پاریس سان جێرمانە.
هەروەها هەردوو روبەڕوبونەوەی بەرشەلۆنە و لیۆنی فەرەنسی، ریاڵ مەدرید و ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندی ئاسانتر دەردەكەون بۆ دوو یانە ئیسپانییەكە.
دوا یاریش رۆمای ئیتاڵی و پۆرتۆی پورتوگالییە و وەك یارییەكی ئاسایی تەماشا دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group