رۆمانی (آتيلا آخر العشاق)ی سەردار عەبدوڵڵا لە لوبنان بڵاوكرایەوە

18/12/2018 هەمەڕەنگ

نەوا
رۆمانی (آتيلا آخر العشاق)ی نوسەر و رۆژنامەنوس سەردار عەبدوڵڵا ئەم مانگە لە خانەی بڵاوكردنەوەی نەوفەل - هاشێت ئەنتوان لە بەیروت بڵاوبۆتەوە، كە یەكێكە لە گرنگترین خانەكانی بڵاوكردنەوەی جیهانی عەرەب. رۆمانەكەش 488 لاپەڕەیە و بەزمانی عەرەبی بڵاوبۆتەوە.
ئەمە رۆمانی ئازاری كورد‌ و هەوڵەكانی جینۆسایدكردنی، شۆڕش و شكست و سەركەوتنەكانیەتی.. ڕۆمانی عیشقە.. تێیدا عیشقی ژن تێكەڵ دەبێ بە عیشق شۆڕش و عیشق پێكی بادە و عیشقی خودا.. ئەفسانە و واقیع تێكەڵ دەبن، بەجۆرێك كە ئاتێلا لە دوا عروجیدا چەندین پێغەمبەر و ئەولیا دەبینێ، تا ئەوكاتەی تێكەڵ بە فاتیمەی خۆشەویستی و زاتی ئیلاهی دەبێت، وەك چۆن لە كتێبی (مەنتیقولتەیری) سۆفی و شاعیری مەزن (فەریدودینی عەتاری نەیشابوری)دا ڕوودەدات.


عەتاری نەیشابوری یەكێكە لە سێ كوچكەی شیعری سۆفیانەی فارسی (سەنائی غەزنەوی، عەتاری نەیشابوری، مەولانا جەلالودینی ڕۆمی)، بەڵام زۆر مەغدورە و مافی خۆی نەدراوەتێ. دەگێڕنەوە كە، ئەوكاتەی مەولانا جەلالودینی ڕۆمی تەمەنی چواردە ساڵ دەبێ، باوكی لەگەڵ خۆی دەیباتە سەفەر. كە لە ڕێگا لە نەیشابور لادەدەن، عەتاری نەیشابوری یەكێك لە كتێبەكانی خۆی پێشكەش بە مەولانای چواردە ساڵان دەكات و ڕوو دەكاتە باوكی و پێی دەڵێ: ئەم كوڕەی تۆ ئاگری عیشق بەردەداتە هەمو جیهان.
زۆر كەس ئەم قسەیەی عەتاری نەیشابوری بە پێشبینی (كەشف)ێك دەزانن. لەبەرامبەردا مەولانا جەلالودینی ڕۆمی، عەتاری نەیشابوری بە مامۆستای خۆی دەزانێ، هەر بۆیە لە ستایشی ئەم زاتە گەورەیەدا دەڵێ: عەتاری نەیشابوری هەر حەوت شارەكەی عیشقی تەی كردوە، كەچی ئێمە تازە بە تازە لە پێچی یەكەمین جادەداین.
ڕووداوەكانی سەدەی بیستەمی ئەنفال و شۆڕش و جینۆسایدی كوردانی فەیلی و بارزانیەكان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین، تێكەڵ دەبن بە سەردەمی عەتاری نەیشابوری كە هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە..
لەم ڕۆمانەدا حەزرەتی ئادەم خۆی، نازناوی (دوایین عاشق) بە ئاتێلای قارەمانی ڕۆمانەكە دەبەخشێ، چونكە ڕۆمانەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە حەزرەتی ئادەم یەكەمین عاشقە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group