ئەنوەر تاهیر: تا لامەركەزی نەچەسپێنرێت، حاڵی پڕۆژەكان لەوەی ئێستا باشتر نابێت

19/12/2018

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: "حكومەتی هەرێم رێگە نادات لە زۆر پڕۆژەی گرنگدا پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان رۆڵی چاودێری خۆیان بگێڕن"، باس لەوەشدەكات، بە هۆی هەوڵەكانی حكومەت لە پێناو مەركەزیەتدا، نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بوونیان باشترە.
بەهۆی لافاوی ماوەكانی رابردووەوە زیان بە چەندین پرد و بەنداو و پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیكە لە هەرێم گەیشتوە، دەربارەی ئەوەی كێ بەرپرسە لەو حاڵەتانە و رۆڵی دامەزراوەكانی وەك ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمان و حكومەت چییە، ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا رایگەیاند، پەرلەمان وەك پێویست ئاگاداری نییە و نەیتوانیوە بەدواداچوون بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان بكات، چونكە ئەم حكومەتە حكومەتێكی حزبیە و لە رابردوودا بینیمان، ئەو دۆسیانەی گرنگن و ئەو گرێبەستانەی ناڕوونیان تێدایە، رێگە نادەن نە پەرلەمان نە ئەنجومەنی پارێزگاكان ئاگاداری بن.
رونیشیكردەوە، "كاتێك پڕۆژەی تونێلێك، بەنداوێك یان وێستگەیەكی كارەبا دەخرێتەڕوو، پێویستە راوێژ بە پسپۆڕانی بیانی بكرێت و گرێبەستەكەش لای پەرلەمان و حكومەت شەفاف بێت، بەڵام تا ئێستاش كەس نازانێت، بەنداوی چەق چەق كێ پڕۆژەكەی پەسەندكرد، درا بە چ بەڵێندەرێك؟ بۆچی لێپرسینەوە نەكرا لەلایەنی كەمتەرخەم كاتێك پڕۆژەكە ئاو بردی؟، ئەمە كارەساتە بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوە، بەڵام لافاو بەنداوەكە دەبات، لە كام وڵاتی دنیادا هەیە لە ساڵێكدا دوو بەنداو ئاو بیبات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئاماژەدان بە بڕیارێكی سەرۆكی حكومەت، بۆ وەرگرتنەوەی بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكان لە پارێزگاكان جەختی لەوەكردەوە، تا لامەركەزی نەچەسپێنرێت، حاڵی پڕۆژەكان لەوەی ئێستا باشتر نابێت و وتی: "لە ئێستادا سیستەمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان تەواو مەركەزیە، سەرجەم جومگە ئیداری و حكومڕانیەكانی دەوڵەت، لە دەستی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیراندایە، نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكان باشترە، ئەگەر دەسەڵاتی ئیداری لە هەرێم نەبێتە لامەركەزی و تا ئەو كاتەش حاڵی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانمان لە ئێستا باشتر نابێت، ئەمەشی كە هەیە لە زیان پێگەیشتن بە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان ئابڕوچوونێكی گەورەیە و هۆكارەكەشی نەبوونی پلان و بەرنامەیە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان و بریا وەزارەتێكمان بە ناوی وەزارەتی پلاندانان هەر نەبوایە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group