ئەمریكا لە سوریا دەكشێتەوە و روسیاش متمانەی پێناكات

19/12/2018 نەوا

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی سەركەوتنیان بەسەر داعشدا، كە تاكە هۆكاری مانەوەیان بوە لە سوریادا، دەست بە كشانەوەی هێزەكانیان دەكەن.
لەسەر دەنگۆی پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بە تەواوی، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دوێنێ لە تویتەری خۆی نوسی"بەسەر داعشدا سەركەوتین كە تاكە هۆكاری مانەوەمان بوو لە سووریا لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەمدا". 
لەوبارەیەشەوە رۆب مانینگ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) لە راگەیەندراوێكدا دووپاتی كردەوە كە لەم قۆناغەدا، لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە ناوچەكەدا، بەردەوام دەبن. 
لەو چوارچێوەیەشدا (پێنتاگۆن) رایگەیاندوە، یەكەكانی ئەمریكا دەستیان كردووە بە كشانەوە لە سووریا، بەڵام كاركردنیان لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەكاندا بەردەوامی دەبێت.
سەبارەت بەو پرسەش، دانا وایت وتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت، "هاوپەیمانی توانی خاكەكانی ژێر دەستی داعش ئازاد بكات بەڵام هەڵمەتی دژ بە داعش كۆتایی نەهاتووە. لەكاتێكدا هەڵمەتی دژ بە داعش چۆتە قۆناغێكی ترەوە، دەستمان كردووە بە قۆناغی گەڕانەوەی سەربازانمان بۆ وڵات".
وایت ئاماژەی بەوەداوە كە بەمەبەستی ئەمنیەتی ئۆپەراسیۆنەكان و پاراستنی هێز، زانیاری زیاتر نادەن و دەڵێت، "داعش لەهەر كوێیەك چالاكی ئەنجام دەدات، با بیدات، ئێمە بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان و هاوبەشەكانماندا بۆ زاڵبوون بەسەر داعشدا".
لەلایەن خۆیەوە فرانست كلینتسەڤیچ یاریدەدەری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و كۆنسەی بەرگری رووسیا رایگەیاند، ئەوان لەو بڕوایەدانین، ئەمریكا بە تەواوی لە سووریا بكشێتەوە و وتی، "ئەمریكا هێزە تایبەتەكان و هێزی ئاسمانی خۆی لە سووریا دەهێڵێتەوە. رووسیاش لە ژێر رۆشنایی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق ئەنجامی داوە، بەردەوام دەبێت لە مانەوەی لە سوریادا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، كە ژمارەیەكی زۆری سەربازی ئەمریكی لە سووریاوە رەوانەی ئەفغانستان كراون، ئەمەش واتای ئەوە دێت ئیتر ئەفغانستان دەكرێتە ئامانجی سەرەكی. هاوشانی ئەمە، لەڕێی ئەفغانستانەوە خوازیارە كاریگەری دروست بكات لەسەر ئاسیای ناوەڕاست". 
كلینتسەڤیچ لەبارەی داهاتووی هێزەكانی رووسیا لە سووریاش وتی، "رووسیا لەژێر رۆشنایی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ دیمەشق كردوویەتی، بەردەوام دەبێت لە مانەوەی لە سووریا. ئەگەر ئەمریكییەكان لە سووریا كشانەوە، ئێمە لەماوەی ٦ مانگدا تیرۆریزم لە سووریا كۆتایی پێ دێنین".

لەم نێوەندەدا، لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، "لەدوای بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، ئەگەری گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە زیادی كرد".
هەر لەوچوارچێوەیەدا بینامین ناتانیاهو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكات ئەمریكا پێش راگەیاندنی كشانەوەی یەكەكانیان لە سوریا، زانیاریان پێداوە لەبارەی كشانەوەكەوە و ئاشكرای كرد ئیدارەی واشنتۆن لە ناوچەكەدا خاوەنی رێگای ترە بۆ نیشاندانی هەژموونی خۆی.
راشیگەیاند دووشەممەی رابردو لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و رۆژی سێشەممەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گفتوگۆیان كردووەو ئاشكرای كرد هەریەك لە ترامپ و پۆمپیۆ بیروڕای واشنتۆنیان لەبارەی كشانەوەی سەربازەكانیان لەگەڵدا باس كردووە.
ناتانیاهو ئاماژەی بەوەدا كە بڕیاری كشانەوەكە، بڕیاری ئەمریكا خۆیەتی و وتی، "سەرۆك (ترەمپ) نیازی خۆی بە من وت دەربارەی كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا. ئەمریكا رێگای تری هەیە بۆ نیشاندانی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا".
ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان هەڵسەنگاندن دەكەن بۆ قۆناغی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ئەگەری كاریگەرییەكانی لەسەر ئیسرائیل و وتی، "لەهەموو حاڵەتێكدا ئێمە پارێزگاری لە ئاسایشی ئیسرائیل دەكەین و خۆمان دەپارێزین لە ناوچەكە (لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەكدا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group