دیندار زێباری: هەزارو 400 دەستگیركراوی داعش-مان رادەستی حكومەتی عیراق كردووەتەوە

23/12/2018
نەوا
دیندار زێباری جەختدەكاتەوە "لە ھەر كاتێك راگیراوان پێویستییان بەنەشتەرگەری ھەبێ یاخود تووشی بارودۆخێكی تەندروستی سەخت ببن ئەوا رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن".
حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتێكی رێكخراوی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوەو كە رەخنەی لە رێوشوێنە یاساییەكان گرتبوو سەبارەت بەو كەسانەی پەیوەندییان بەداعشەوە كردووە و لە وەڵامنامەكەدا كە بەناوی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە ئەوە ھاتووە، "بە شێوەیەكی گشتی دوای دەستگیركردنی كەسانی گومانلێكراو یان داواكراو كەسوكاریان لە دەستگیركردن و تۆمەتەكان ئاگادار دەكرێنەوە و ھەر كەسێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بە تۆمەتی تیرۆر دوای ئەوەی بە بەڵگەوە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و دان دەنێت بە پەیوەندیكردنی بە داعش ئینجا دەستگیردەكرێت واتە لە دەستگیركردن تەنیا پشت بە دان پێدانانی گومانلێكراوان نابەسترێت، ھەروەھا دوای دەستگیركردنیان كەسوكاریان ئاگادار دەكرێتەوە لە شوێنی دەستگیركردنیان و مافی ھەبوونی پارێزەر و سكاڵا تۆماركردنیشیان ھەیە لە دادگا لەسەر ھێزە ئەمنییەكان".
دیندار زێباری لەوبارەیەوە زیاتر دەدوێت و روونی دەكاتەوە "حكومەتی ھەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ پرۆسەیەكیان دەستپێكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەو دەستگیركراوانە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاسانكاری زۆریكردووە بۆ رادەستكردنەوەی ئەم دەستگیركراوانە و تا ئێستا بەپێی بەرنامەیەك بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لە هەزارو 400 دەستگیركراوی داعش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ كراون كە زوربەیان خەڵكی ناوچەكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و حەویجە بوون و لەژێر لێكۆڵینەوەدابوون واتە سزایان بۆ دەرنەچووبوو لەلایەن دادگاكانی ھەرێمی كوردستانەوە. لە لایەكی دیكەوە جگە لەو ھەماھەنگییەی ھەیە سەبارەت بە پرسی دەستگیركراوان، لەسەر ئاستی دادگاكان لە سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوە لیژنەیەكی باڵای ھاوبەش پێكهاتووە لە سێ سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە لە نێوان بەغدا و ھەولێر بەمەبەستی ئاڵۆگۆڕی زانیاری لە كاتی پێویستدا".
لە بارەی ئەو دەستگیركراوانەی كە لە ھەرێم سزایان بۆ دەردەچێت یان بە بڕیاری دادگا ئازاد دەكرێن كە 23ی ئەم مانگە ھیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی لەمبارەیەوە بڵاوكردەوە و دەڵێت "ئەوانەی لە ھەرێم سزا دەدرێن و دواتر ئازاد دەكرێن لەوانەی پێشتر پەیوەندییان بەداعشەوە ھەبووە دەترسن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقدایە ئەوەش بە ھۆی بوونی دوو دەسەڵاتی دادوەریی، دیندار زێباری لەمبارەیەوە رایدەگەیەنێت "ھەر كەسێك بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابێت و حوكم درابن ئەوا تۆمەت و سزاكەی دەخرێتە نێو پەڕاوەكەی و لە كاتی پێویستدا دەتوانرێت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەست بكەوێت، دوای ئازادكردنیان و بەسەر بردنی ماوەی سزاكەی لە ھەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی بۆ ناوچەكەی خۆی بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دووچاری دەستگیركردن نەبێتەوە دەتوانێت وێنەیەكی حوكمی دادگاكەی پێ بێت، بەڵام ئەوانەی تر كە لەژێر لێكۆڵینەوەدان و حوكمیان دەرنەچووە و ئازادكراون دەتوانن لە رێگای فەرمانگە و لایەنە فەرمییەكانەوە داوای بەڵگەنامەی دەستگیركردنیان بكەن".
دەشڵێت "حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەو بارەوە ئاسانكاریی زۆریشیان بۆ دەكات، چونكە لە ھەرێمی كوردستان پرۆسەی لێكۆڵینەوەكان و راگرتنی تۆمەتباران پرسەیەكی شەفافە و لەژێر چاودێری دەزگا فەرمییەكاندایە، بۆ نموونە كەسێك كە فەرمانبەر بێت لە موسڵ یان ھەر شارێكی دیكە و پێشتر لە ھەرێم بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیركرا بێت دواتر ئازاد كرابێت دەتوانێت بە شێوەیەكی فەرمی لە رێگای فەرمانگەكەی خۆیەوە داوای بەڵگەنامەكان بكات، چونكە حكومەت مامەڵە لەگەڵ شوێنی فەرمی دەكات".
ھەر سەبارەت بە پرسی تەندروستیی راگیراوانیش ناوبراو وتی: "لە ھەر كاتێك راگیراوان پێویستییان بەنەشتەرگەری ھەبێ یاخود تووشی بارودۆخێكی تەندروستی سەخت ببن ئەوا رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێن، ھەروەھا ئەو راگیراوانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە لەلایەن بەشەكانی گرتن و گواستنەوە رەچاوی باری تەندروستییان كراوە و بۆیان ھەیە خواردنی تایبەت بۆ خۆیان دروست بكەن و بەردەوام لە لایەن پزیشكەكانی بنكەكانی تەندروستی لە بەشەكانی گرتن و گواستنەوە چاودێری باری تەندروستیان دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group