راهێنەری عیراق لێدوانێكی سەیر دەدات

29/12/2018 وەرزش

نەوا
ستریچكۆ كاتانیچ راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق دوپاتیدەكاتەوە، بەدەستهێنانی جامی نەتەوەكانی ئاسیا بۆ عیراق زامن نییە، چونكە هاوشێوەی هەڵبژاردەكانی ژاپۆن، كۆریای باشور و ئێران نییە، كە یاریزانەكانی لە باشترین پاڵەوانێتییەكانی جیهاندان.
بڕیارە رۆژی 5ی مانگی داهاتو پاڵەوانێتی جامی ئاسیا لە ئیمارات یارییەكانی دەستپێبكات و هەڵبژاردەی عیراقیش یەكێكە لە بەشداربوان.
لەوبارەیەوە كاتانیچ لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا وتویەتی "ئامادەكارییەكانمان باش بون، هەموو شتێك باشە، ماوەی 10 رۆژە لە قەتەرین و كەمپی مەشق و راهێنان و خۆئامادەكردن نایاب بوە، هەمووان لە حاڵەتێكی بەرزی مەعنەویدان و هیچ یاریزانێكی پێكراویشمان نییە".
وتوشیەتی "من ئەركی خۆم دەزانم و دەزانم چی دەكەم، هەر كەسێك بڵێت نازناوەكە دەبەینەوە ئەوا هاوڕای نیم، ئێمە وەك ژاپۆن یاخود كۆریای باشور یان ئێران نین، یاریزانەكانیان لە باشترین پاڵەوانێتییەكانی جیهاندا یاری دەكەن، ئێمەش وا نین، ئەوەی دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە كە هەوڵدەدەین و یاریزانەكانیش 100%ی تواناكانیان پێشكەش دەكەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group