هێرشێكی ئەلیكترۆنی چەند رۆژنامەیەكی ئەمریكی پەكدەخات

30/12/2018 هەمەڕەنگ

نەوا
بەهۆی هێرشێكی ئەلیكترۆنیەوە، كێشە بۆ چەند رۆژنامەیەكی ئەمریكی دروستبوە و چاپكردن و بڵاوكردنەوەیان بۆ ماوەیەك دواكەوت.
بەپێی زانیاریەكان، هێرشەكە كراوەتەسەر هەریەكە لە رۆژنامەكانی "لۆس ئەنجلس تایمز، شیكاگۆ تریبیون و بالتیمور سەن".
لەوبارەیەوە لۆس ئەنجلس تایمز بڵاویكردوەتەوە، هێرشەكە لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە بوە و بەهۆی ئەوەشەوە چاپ و بڵاوكردنەوەی هەرسێ‌ رۆژنامەكە دواكەوتوە.
رونیشیكردوەتەوە، هێرشەكە چەند رۆژنامەیەكی دیكەی لە لۆس ئەنجلس گرتوەتەوە و چاپی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرك تایمز"ی تایبەت بەكەنارەكانی خۆرئاواش، بەهۆی هێرشەكەوە كێشەیان بۆ دروستبوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كۆمپانیای "تریبیۆن پەبڵیشینگ" كە خاوەنی چەندین رۆژنامەیە لە ئەمریكادا، باس لەوەدەكات، بەرەبەیانی رۆژی هەینی هەستیان بە پرۆگرامێكی تێكدەر كردوە، كە هەڵگری ڤایرۆس بووە و زیانی بە سیستمەكانی بەرهەم و چاپی ئەو رۆژنامانە گەیاندوە، كە كۆمپانیاكە خاوەنیانە.
لای خۆیشیەوە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریكا تەئكیدیكردوەتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كاردەكەن بۆئەوەی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group