هیندستان.. بۆیەكەم جار دوو ژن دەچنە پەرستگەیەكەوە

02/01/2019 هەمەڕەنگ
لە پەرستگەیەكی وڵاتی هیندستان ئەو ژنانەی لە تەمەنی سوڕی مانگانەدان بۆیان نییە بچنە ژوورەوە، بەڵام سەرباری رێگریەكانی هیندوسە توندڕەوەكان دوو ژن توانیان ئەو كارە بكەن.
پەرەستگەی سیبراملا لە ویلایەتی كرالای هیندستان لە دێرزەمانەوە چوونە ژورەوەی بۆ كچان و ژنانی تەمەن 10 بۆ 50 ساڵ قەدەغەكردووە، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا دادگای باڵای ئەو وڵاتە ئەو قەدەغەكردنەی رەتكردبوەوە، كۆمەڵێك لە ژنان هەوڵیاندابوو بچنە ناو پەرەستگەكەوە، بەڵام لە لایەن هیندوسە توندڕەوەكانەوە رێگریان لێكرابوو.
دواجار رۆژی چوارشەممە دوو ژن بە ناوەكانی بیندۆ ئەمینی تەمەن 42 ساڵ و كانگا دورگای تەمەن 40 ساڵ توانیبوییان بچنە ئەو پەرەستگەیەوە، كاتێكیش لە لایەن توندڕەوەكانەوە هێرشیان كرابوەسەر پۆلیس ئەوانی پاراستبوو.
بەرپرسانی پەرەستگەكە ئەو كارەیان بە سوكایەتی و بێڕزی بە نەریتە ئایینیەكان ناوبردووە و بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە مەبەستی خاوێنكردنەوە، پەرەستگەكەیان داخستبوو.
لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیری ویلایەتی كرالا رۆژی چوارشەممەی بە رۆژێكی مێژوویی ناوبردووە و رایگەیاندووە، حكومەتی ویلایەتەكە پشتگیری لە چوونە ناوەوەی ژنان دەكات بۆ ناو پەرەستگاكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group