رۆناڵدۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید توشی شۆك دەكات

02/01/2019 وەرزش

نەوا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرە پورتوگالییەكەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لێدوانێكی ئاگرین دەدات و هاندەرانی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی توشی شۆك دەكات.
رۆناڵدۆ لە لێدوانەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بە رۆیشتنی لە ریاڵ مەدرید راگەیاندوە و ئاماژە بەوەدەكات، كە ساڵی 2018 "باشترین ساڵی كاروانی وەرزشی بوە وەك یاریزان، لەبەرئەوەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای جارێكی دیكە بەدەستهێناوەتەوە و لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵیش گرێبەستم ئەنجامدا".
دۆنی پورتوگالی بە رۆژنامەی "ریكۆرد"ی وەرزشیی پورتوگالی وتوە "2018 باشترین ساڵی كاروانی وەرزشیمە. هەموان لە تۆرینۆ بەشێوازێكی نایاب پێشوازییان لێكردم. هەموومان هەستێكی نایابمان هەیە. نازانم كەی كۆتایی بە كاروانەكەم دەهێنم، بەڵام دەمەوێت بۆ چەند ساڵێكی دورودرێژ بەردەوام بم".
رۆناڵدۆ جەختدەكاتەوە، كە ئەو كار بۆ ئەوەناكات ریكۆرد بشكێنێت، بەڵام كار بۆ بەرژەوەندی ئەو یانەیە دەكات، كە درێسەكەی دەپۆشێت.
ئەو قسانەی رۆناڵدۆ وەك شۆك وایە بۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید، كە ناڕاستەوخۆ خۆشحاڵە بە رۆیشتنی لە ریزی یانەی شاهانە، لەكاتێكدا 9 وەرز یاری بۆ كردن و چەندین نازناوی لەگەڵ بەدەستهێنان.
رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ، هاوینی ساڵی 2018 بە گرێبەستێكی 112 ملیۆن یورۆیی، ریاڵ مەدریدی بەرەو یۆڤانتۆس بەجێهێشت و ئێستاش بە 14 گۆڵەوە، لوتكەی گۆڵكەرانی سیریا ئەی داگیركردوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group