"مەترسی سەرهەڵدانەوەی چەكدارانی داعش هەیە"

09/01/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود
كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی هۆشداریدەدات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە موسڵ و ئەوەش دەڵێت: "لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كەمترین خزمەتگوزرای گەڕاوەتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا".
غەیاس سورچی كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، "پێشتر لای چەپی موسڵ زۆرینەی كورد بووە كە نزیكەی 30% بۆ 40%دەبوو بەپێی ئامارەكان بەڵام لەدوای هاتنی چەكدارانی داعش ئەو هاووڵاتیانە ئاوارەبوون و لە ئێستاشدا ئەوەی گەڕاوەتەوە شارەكە نزیكەی لە 3% دەبێت و ئەوەش مەترسییەكی جدییەو تەعریبكردنی كوردانی ئەو ناوچەیەیە".
باسی لەوەشكرد، "نزیكەی 16یەكەی ئیداری لە سنوری نەینەوا هەیە كە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستوری عیراقدان، لەو ناوچانە تارادەیەك گەڕانەوەی ئاوارەكوردەكان لە ئاستێكی باشدایە، جگە لە قەزای شنگال كە ئاوارەكان كەمتر دەگەڕێنەوە". 
غەیاس سورچی كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان باسی لەوەشكرد، "لەدوای ئازادكردنی پارێزگای نەینەوا لە دەستی داعش لەئێستادا حكومەتی عیراق وەك پێویست ئاوڕی جدی لەو ناوچەیە نەداوەتەوەو خزمەتگوزاری لە ئاستی پێویست نییە، ئەوەی هەیە لەلایەن رێكخراوەكان دەگەیەنرێتە ناوچەكە".
وتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوو بڕیار دراوە ناوچەكە بەتەواوی پاكبكرێتەوەو جارێكی دیكە بنیادبنرێتەوە بەڵام هیچ وادەیەك بۆ ئەو مەبەستە دیاری نەكراوە".
لەبارەی مەترسی سەهەڵدانەوەی داعش لە موسڵ، غەیاس سورچی كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، لە ئێستادا چەكدارانی داعش كەوتوونەتەوە جموجوڵ و تیرۆكردن و رفاندنی هاووڵاتیان و مەترسی دووبارە خۆ رێكخستنەوەیان لێدەكرێت، پێویستە هەرچی زووە بە هاوكاری هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق ئەو مەترسییانە لەناوببرێن". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group