وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناوەرۆكی دیداری پۆمپیۆ و نێچیرڤان بارزانی دەخاتەڕوو

11/01/2019 جیهان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر تەئكیدی لە دیالۆگی بەردەوامی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق كردۆتەوە.
لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كۆبوونەوەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: "وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر پاڵپشتی ئەمریكا بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغدا كردەوە". 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەروەها راشیگەیاندووە: "مایك پۆمپیۆ جەختی لەسەر بەهای پەیوەندی ستراتیژیی لەگەڵ عێراق و پەیوەندی دۆستانەی ماوەدرێژیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە بۆ ئاسایشی دووقۆڵی و سەقامگیری ناوچەكە گرنگە".
هەر بەگوێرەی ئەو راگەیەنراوە: "مایك پۆمپیۆ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی، كرد بەهۆی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان".
جێی باسە رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی سەردانەكەی بۆ عێراق، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە جیا كۆبوەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group