رێكخراوێك: لە هەرێم كڕين و فرۆشتن بە ژمارەیەك كرێكاری بیانیەوە كراوە

11/01/2019

 

ڕێكخراوی ڕۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی ئاماری ساڵی 2018 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە هەرێمدا زیاتر لە 22 هەزار كرێكاری بیانی هەیە و لە ساڵی رابردوودا 28 كرێكاری بیانی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە و لەو ژمارەیە 12 كەسیان رزگاركراون.
محمەد هەژار، سەرۆكی رێكخرای رۆشنبیری و داكۆكی لە كرێكارانی بیانی لە كۆنفرانسیكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 200 كەیسی لێدان و پاسپۆرت لێسەندن و بەندكردن و سوكایەتیكردن بە كرێكارانی بیانی لە هەرێم هەبووە.
ڕوونیشیكردەوە، لە ئێستا زیاتر لە 22 هەزار كرێكاری بیانی لە هەرێمدا هەیە و لە ساڵی رابردوودا 35 كەسیان دیپۆرتی وڵاتی خۆیان كردووەتەوە.
راشیگەیاند، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 16 كەیسی گیانلەدەستانی كرێكاری بیانی هەبووە و 5 كەسی دیكەش كوژراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ئامارەكانی ئەوان لە ماوەی ساڵی رابردوودا 28 كرێكاری بیانی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە و لەو ژمارەیەش 16 كەسیان لە رەگەزی نێر و 12 كەسیشیان لەرەگەزی مێ بوون، توانیویانە 12 لەوان رزگاربكەن و تا ئێستا 16 دیكەیان ماون رزگار بكرێن.
هەر بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دوو كەیسی دەستدرێژی سێكسی هەبووە.
لە كۆتایی كۆنفرانسە رۆژنامەنوسییەكەدا بەرپرسی ئەو رێكخراوە داوای كرد یاسای كار كارا بكرێتەوە و سنورێك بۆ هێنانی كرێكاری بیانی دابنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group