سلێمانی..وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هەشت ژنە چالاكوانی تر ئازاد كران

12/01/2019

 

تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هەشت ژنی دیكە و فەرهاد محەمەدی تەمەن سێ ساڵ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازادكران و تا ئێستا نیوەی ئەو كەسانەی تر كە رۆژی هەینی لە پاركی ئازادی ئەو شارە دەستگیركرابوون، ئازاد نەكراون.
لەو بارەوە رۆژنامەنوس سۆران حسێن، برای تارا حسێن بە نەوای راگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی هەینی 52 چالاكوان لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیركران، بۆ شەوەكەی 5 بۆ شەش ژنیان ئازادكران و كاتژمێر 3 ی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممەش تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و هەشت ژنی تر ئازاد كران، كە یەكێكیان رۆژنامەنوس بووە.
راشیگەیاند: لە ناو ئازاد كراوەكانی رۆژی شەممەدا "فەرهاد محەمەد"ی تەمەن سێ ساڵیشی تێدایە، كە شەوێك زیندانی كراوە.
بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە، تا ئێستا زیاتر لە 25 چالاكوانی تر ئازاد نەكراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group