تارا حسێن: كێشەی فڕۆكەخانەی سلێمانی پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادیەوە نییە

12/01/2019

 

وتەبێژی تەڤگەری ئازادی كە رۆژی هەینی لە كاتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی ساڵیادی تیرۆری سەكینە جانسز سەركردەی پەكەكە، لە پاركی ئازادی دەستگیركرابوو، دوای ئازاد بوونی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: جاران بۆ یادی ساكینە بەرپرسانی یەكێتی دەهاتن وتاری باق و بریقیان پێشكەش دەكرد كەچی ئێستا رێگری لە نمایشی فیلمێك دەكەن.
تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی كە لەگەڵ هەشت ژنی تر رۆژی شەممە ئازاد كران، لە درێژەی رەخنەكانی لە یەكێتی رایگەیاند: "مام جەلال وتبووی با خەڵك بێن و لە سەكۆی ئازادی پارتی ئازادی جوێن بە من بدەن كەچی ئاسایش هەر نەیانهێشت لە دەرگاكەوە بچینە ژوورەوە و لێدوان بدەین كە رێگە نادەن فیلمێك لە سەر ژیانی سەكینە جانسز نمایش بكرێت."
تارا حسێن راشیگەیاند، ئەندامەكانی ئاسایشیان وەها تێگەیاندووە كە نەكردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوانی تەڤگەری ئازادی كوردستانە، لە كاتێكدا ئەمە باڵادەستبوونی دەوڵەتی توركیایە لە سلێمانی وەك لە زۆنی زەردا هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group