لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و توركیا رونكردنەوە دەدرێت

12/01/2019

نەوا-كاروان مەحمود


لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و توركیا دەكەن بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، "تائێستا هیچ شتێكی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە"، زانیاریش لەبارەی ئەو فڕۆكانە ئاشكرا دەكات كە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەردەكەون.
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "جگە لەوەی لە راگەیاندنەكان باس كراوە، سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی كۆماری توركیا رێككەوتوون لە دوو هەفتەی داهاتوو گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەگەڵ توركیا دەستپێبكاتەوە، هیچ شتێكی فەرمی رەوانەی فڕۆكەخانەی سلێمانی نەكراوە، هیوادارین دەستپێكردنەوەی گەشتەكانیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

سەبارەت بەو فڕۆكانەی رۆژانە لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەبینرێن، تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "ئەو فڕۆكانە، فڕۆكەی بازرگانی و سەربازین و لە ئاسمانی عیراقدان، ئەو پرسە پەیوەندی بە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانەوە نییە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group