شاخەوان عەبدوڵڵا: "نەوتی كەركوك لەلایەن چەند كەسێكی یەكێتی و حەشدی شەعبی ئاودیو دەكرێت"

12/01/2019

نەوا

پەرلەمانتارێكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: "بە دۆكیۆمێنت لەبەردەستمانە كە هەندێك لە باڵەكانی حەشدی شەعبی و چەند كەسێكی دیاری ناو یەكێتی نەوتی كەركوك بەبێ ئاگاداری حكومەت ئاودیو دەكەن".
شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەرنامەی "هێڵی سێیەم"ی رادیۆ نەوا وتی: "لەئێستادا چەندە نەوتی كەركوك لەلایەن حكومەتەوە دەدرێتە كۆمپانیایەكی روسی كە گرێبەستی فەرمی هەیە، دوو هێندە زیاتر دزەی پێدەكرێت و ئەودیو دەكرێت".
باسی لەوەشكرد، "ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانەمان كۆكردووەتەوە كە مافیاكانی دزینی نەوت، نەوتی كەركوك ئەو دیو دەكەن و بۆ ئەو مەبەستەش بۆرییەكانی نەوتیان درێژكردووەتەوە تاوەكو پۆلیس و هێزەكان پێیان نەزانن".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی وت: "هەندێك لە باڵەكانی حەشدی شەعبی و چەند سیاسیەكی هەرێمی كوردستان لە ناو یەكێتی كە كەسانی دیاری ئەو حزبەن و بەدۆكیۆمێنت لەلامانە ئەو نەوتەی دێتە سەر جادەی بەغدا تا دەچێتە بەسڕە، لەوێ رادەستی باخیرەی بچوك دەكرێت و دەبرێت بۆ باخیرەی گەورەتر و هەندێكیشی لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە دەگوازرێتەوە دەبرێتە بەسڕەو لەوێشەوە رەوانەدەكرێت، لێدوانی ئەمدواییەی رێكخراوی بەدر-یش دانی بەوەداناوە كە نەوتی كەركوك ئەودیو دەكرێت". 

لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك و داواكارییەكانی، شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، "پارتی داوادەكات ئەو هێزەی لەكەركوكە نەمێنێت، ناكرێت خەڵكی ناسریەو زیقار بێت لە كەركوك دەوام بكات و خەڵكی كەركوك ببرێتە دەرەوەی شارەكە، ئەمە مایەی قبوڵكردن نییە، ئەگەر یەكێتی هاوكار بووایە بە فشاری مەدەنی بێت یاخود بەفشاری هێز دەكرا ئەو دۆخە ئاسایی بكەینەوە"، ئەوەشی وت: "ئێمە بەچەند گەنجێكی قارەمانی خۆبەخش توانیمان حەشدی شەعبی لە گەڕەكە كوردییەكانی كەركوك دەربكەین و سەرجەم بارەگانیان پێ چۆڵكردن".
داواشدەكات، لایەنەكان یەكڕیزبن، چەندە جیاوازی لە ناوخۆ هەبێت پێویستە لە قوشتەپەو قەرەهەنجیر یەكهەڵوێست بن و هەوڵی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك بدەن".  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group