سێبەری گرتن و سێدارە بەسەر سەری ژینگەپارێزانی ئێران و رۆژهەڵاتەوەیە

14/01/2019 محەمەد حەسەن

 

لە ماوەی كەمتر لە یەك ساڵدا دوو گروپی ژینگەپارێزان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون، كە ژمارەیان نزیكەی 20 كەسە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراون، ئەگەرچی جیاوازن، بەڵام سزاكەیان یەك شتە، ئەویش گیان كێشان و لە سێدارەدان. چالاكوانانی مەدەنی و سیاسیش ئەو دۆسیانە بە سیاسی دادەنێن نەك یاسایی و پێیان وایە جۆرێك پیلانگێڕیە بۆ نەهێشتنی كەشێك بۆ چالاكی مەدەنی و ژینگەپارێزی.
مانگی شوبات و ئاداری ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنیەكانی ئێران 9 ژینگەپارێزیان بە ناوەكانی تاهیر قەدیریان، هومەن جەوكار، سپێدە كاشانی، نیلوفەر بەیانی، ئەمیر حسێن خالقی، سام رەجەبی، عەبدولرەزا كوهپایە، موراد تاهباز و سەید كاووس ئیمامی كە ئەندامی رێكخراوێكی ناحكومی ژینگەپارێزی بوون، دەستگیركرد. هەرزوو بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایانگەیاند، ئەو كەسانە لە ژێر ناوی چالاكی ژینگەپارێزی سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری و دزەپێكردنی زانیاریە نهێنی و پۆلێنكراوەكان بوون.
دوو هەفتە پاش دەستبەسەربوونی، سەید كاوس ئیمامی، بەشێوەیەكی تەمومژاوی لە زیندان گیانی لەدەستدا و بەو جۆرە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە راگەیەنرا كە "كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، بانگەشەیەك، كە كەسە نزیكەكانی هەرگیز قبوڵیان نەكرد.
لە ماوەكانی رابردودا تۆمەتی 4 لەو هەشت چالاكوانە ژینگەپارێزە لە سیخوڕییەوە بۆ خراپەكاری لەسەر زەوی گۆڕدراوە، بەپێی یاساكانی ئێرانیش سزای ئەو تاوانە هاوشێوەی سیخوڕی، لەسێدارەدانە.
بە بڕوای چاودێرانی دۆخی ئێران هۆكاری سەرەكی گرتن و راوەدونانی ئەو ژینگەپارێزانە بۆ چالاكی و توێژینەوەكانیان لە بارەی زیانەكانی بەرنامە ئەتۆمی و سەربازیەكانی ئێران بۆسەر ژینگە دەگەڕێتەوە.
هێشتا ئەو دۆسیە بەلایەكدا نەخراوە و مشتومڕەكان لەسەری بەردەوامن، كە لەچوارچێوەی هێرش و گوشارەكانی دەزگا ئەمنی و سەربازیە بەردەوامەكانی ئێران بۆسەر ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە هەفتەی یەكەمی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019 لە شارەكانی كامیاران و سنە 11 چالاكوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی بە ناوەكانی هادی كەمانگەر، فازڵ قەیتاسی، رەزا ئەسەدی، فەرهاد محەمەدی، عیسا فەیزی، حوسێن كەمانگەر، راشد مونتەزری، ئامانج قوربانی، بەختیار كەمانگەر، موحسین حوسێنی و زانیار زەمیران دەستگیركران. سەرجەم گیراوەكانیش سەربە لقی كوردستانی حزبی یەكگرتنی نیشتمانین، لەناویاندا فەرهاد محەمەدی سكرتێری ئەو حزبە هەیە، كە پیشەی پارێزەرە.
رۆژی 7ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، حسێن خۆش ئیقباڵ یاریدەدەری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، دەستگیركراوەكان لە دۆسیەی تیرۆرەوە تێوەگلاون و دەستیان لە كوشتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی فریاگوزاری سەربە مانگی سوری كامیاران بە ناوی "كۆسار فاتحی"دا هەبووە و سەربە گروپە بەرهەڵستكارەكان و لە ژێر پەردەی چالاكی ژینگەپارێزیدا یارمەتی و پشتیوانی ئەندامانی ئەو گروپە دژبەرانەیان كردوە و بە دیاریكراوی ناوی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)ی هێنابوو.
لە بەرامبەردا رۆژی 13ی كانونی دووەم مەجلیسی پژاك رەتیكردەوە ئەو دەستگیركراوانە سەر بەوان بن و ئامانجی ئەو رەشبگیریەشی بۆ هەوڵێكی بەرنامەبۆداڕێژراوی حكومەتی ئێران بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی كەشی چالاكی مەدەنی و پێشەنگەكانی لێكداوەتەوە. هەروەك جەختی لەوەشكردۆتەوە، بەڵگەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە تاوانی كوشتنی كۆسار فاتحیەوە گلابن.
كۆسار فاتحی تەمەن 41 ساڵ مانگی تەمموزی ساڵی رابردو لە سێ رێیانی بیارەی شاری كامیاران بە دەستڕێژی گوللـە كوژرا و مانگی ئابی هەمان ساڵ بەرپرسانی ئەمنی پارێزگای سنە باسیان لەوەكرد، سەرەداوی ئەو روداوەیان دەستكەوتوە.
لای خۆیەوە، جەهانگیر عەبدوڵاهی، هاوسەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نەوا، تۆمەتباركردنی ژینگەپارێزانی كوردستانی بە سیناریۆیەكی لاوازی دەزگا ئەمنیەكانی ئێران ناوبرد و وتی: چۆن دەكرێت ژینگە پارێزێك كە ئامادەیە گیانی خۆیان لە پێناو پاراستنی ژینگە ببەخشێت، دەستی بچێتە خوێنی كەسێكەوە و ئەم جۆرە سیناریۆیە لەگەڵ لۆجیكدا یەكناگرێتەوە.
جیهانگیرعەبدوڵاهی جەختیشی كردەوە، ئامانجی دەزگا ئەمنیەكانی ئێران لەو جۆرە رەشبگیریانە لە لایەكەوە نەهێشتنی كەشێكە بۆ چالاكی مەدەنی و ژینگەپارێزی، لە لایەكی تریشەوە پەیوەندی بە چالاكیەكانی ئەو ژینگەپارێزانەوە هەیە كە بەردەوام دەنگیان لە بەرامبەر كاریگەریە نەرێنیەكانی چالاكیەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر ژینگە هەڵبڕیوە، لەوانە دروستكردنی بەنداو و بنكەی سەربازی و موشەكی لە لایەن ئەو سوپایە و راگەیاندنی ناوچەی قەدەغەكراو لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
هاوسەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ بە بیریشی هێنایەوە كە پێشتریش لە دۆسیەی زانیار و لوقمان مورادیدا بە سیناریۆیەك تاوانێكیان بۆ داتاشراوە و هەر بە هۆی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوەوە لەسێدارەدراون. 
زانیار و لوقمان مورادی ئەو دوو گەنجە مەریوانیەی ئامۆزای یەك بوون، وەك خۆیان باسیان لێوەكردبوو، كاتێك لە ساڵی 2008 دەستبەسەركراون، بۆ ماوەی 9 مانگ راگرتنیان لە زیندان، تەنها تۆمەتێك كە رووبەڕویان كرابوەوە، ئەندامێتی لە كۆمەڵە بووە، بەڵام دواتر و پاش ئەو ماوە زۆرە هەر لە زینداندا دۆسیەیەكی تریان بەڕوودا دەكەنەوە ئەویش كوشتنی كوڕی ئیمام جمعەی مەریوان بووە، تۆمەتێك كە وەك خۆیان دواتر لە نامە و چاوپێكەوتنەكانی زیندانەوە ئاشكرایان كرد، بە زەبری ئەشكەنجەی قورس و هەڕەشەی دەستدرێژی چوونە ژێر باریەوە و دانیان پێدانا، سەرباری ئەوەش دواتر نكۆڵیان لێكرد و دانپیانانەكەیان بە زۆرەملێ ناوبرد و دۆسیەكە سەرلەنوێ پێداچوونەوەی بۆكرا، بەڵام دواجار لە 8 ی مانگی ئەیولی  ساڵی رابردوو سزاكەیان بەسەردا جێبەجێكرا و لە سێدارەدران.
ئەوەی گومانەكانی لەسەر دۆسیەی ژینگەپارێزانی كامیاران و سنە تۆخ كردۆتەوە بریتیە لەوەی ئەگەر بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی حكومەتی ئێران لە سنە بێت و ئەو كەسانە لە تاوانێكی رێكخراوەوە تێوەگلابن، بۆچی سەرباری ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەكدا و لە رۆژ و شوێنی جیاجیا ئەو 11 كەسە دەستگیركراون، هیچان هەوڵیان نەداوە خۆیان قوتار بكەن و سەرجەمیان نەك لە كاتی خۆحەشارداندا، بەڵكو لەسەر كارەكانیان یان ماڵەكانیان دەستگیركراون؟.
سەرەڕای لێكچوونی دۆسیەی 11 ژینگەپارێز و چالاكوانەكەی كامیاران و سنە لەگەڵ دۆسیەی 8 ژینگەپارێزەكەی ئێران و دۆسیەی زانیار و لوقمان مورادی و بەندكراوانی سیاسی لە سێدارەدراو، خاڵێكی جیاكەرەوە بریتییە لەوەی سەرجەم ئەو 11 كەسە سەربە لقی كوردستانی حزبی یەكگرتنی نیشتمانی بوون.
ئەو حزبە سەرباری ئەوەی لە دەیەی رابردودا لەسەرئاستی ئێران مۆڵەتی وەرگرتبو، بەڵام لقی كوردستانەكەی لە مانگی نیسانی ساڵی 2016 لە شاری سنە دامەزراندنی خۆی راگەیاند و بە درێژایی ماوەی كاركردنی لە شارەكانی مەریوان، سنە و كامیاران لقی كردبوەوە و دوو كۆمیتەی ژینگە و ژنانی سەر بەو حزبە زیاتر چالاك بوون.
پاشخانی حزبی ئەو دەستبەسەركراوانە و تۆمەتباركردنیان بە پەیوەندی لەگەڵ پژاك ئەو پرسیارە دێنێتە گۆڕێ كە ئاخۆ ئەو هەڵمەتی رەشبگیریە سەرەتای داخرانی یەكجارەكی بواری كار و چالاكی مەدەنی و رێكخراوەییە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، یاخود پەیوەستە بە دەرەوەی سنورەكانی ئێران و پێویستە لە هاوكێشە نوێیەكانی ناوچەكە بەدوای وەڵامەكەیدا بگەڕێین، كە هەر ئێستا لە سێ بەشەكەی تری كوردستان شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی هێناوەتە ئاراوە و رۆژهەڵاتیش لە لێكەوتەی ئەو هاوكێشەیە نوێیە بێ بەش نابێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هاوهەڵوێستی تاران و ئەنقەرەوەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر هەنگاوێكی جوڵانەوەی كوردی لە ناوچەكەدا؟.
گرنگتر لە هەموو ئەو پرسیارانەش، ئەوەیە چۆن و بە چ شێوەیەك دەكرێت، رێگری بكرێت لەوەی ئەو 11 كەسە بە چارەنوسی زانیار و لوقمان نەگەن؟ 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group