چین بەسەركەوتویی رووەكی لەسەر مانگ چاند

16/01/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار لەمێژوودا چین سەركەوتنی بەدەستهێنا لەنیشتنەوە لەلا دوورە تاریكەكەی مانگ، سەركەوتنێكی گەورەی دیكەی زانستی بەدەستهێنا و بۆ یەكەمجار رووەكی لەسەر مانگ چاند.
زانایانی چین ئاماژەیان بەوەداوە، لەرێگەی كەشتیی رۆبۆتی "چانگ ئاه-4"ەوە تۆوی رووەكی پەموویان بردووەتە سەر مانگ و یەكەم رووەكە، كە لەسەر مانگ بڕوێت.
لای خۆیشیەوە ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی بڵاویكردوەتەوە، تۆوی پەموو، پەتاتە، ئارابیدۆبسیس و هەروەها هێلكەی مێشی میوە و خەمیرە براوەتەسەر مانگ بۆئەوەی ژینگەیەكی زیندوی بچوككراوە و ئاسان بگونجێنرێت و لەو ژینگەیەدا تۆوەكەیان چاندوە.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی ئەو وێنەیەی كەشتییەكەی ناردویەتییەوە، پەمووەكە زۆر بەباشی گەشەی كردوە و چەكەرەی كردوە، بەڵام تۆوی رووەكەكانی دیكە دیار نین و نازانرێت گەشەیان كردوە یان نا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group