بەرپرسێكی گۆڕان: لە كۆبوونەكانمان لەگەڵ پارتی خاڵی هاوبەشمان زۆر بووە

18/01/2019

 

ئاراس وەلی ئەندامی شاندی دانوستانكاری گۆڕان لەگەڵ پارتی رایگەیاند، لەو كۆبوونەوانەی تائێستا لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون خاڵی هاوبەشیان زۆرە و لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنە هاوبەشەكانی نێوانیان دەست بە كۆبوونەوەكانیان دەكەنەوە.
ئاراس وەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵی رایگەیاند، لەسەر وردەكاری پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەچەند رۆژی داهاتوودا لیژنە هاوبەشەكانی نێوان گۆڕان و پارتی دەست بەكارەكانیان دەكەن، و لە میانی ئەو كۆبونەوانەی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامیانداوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە و لەسەر چەند پرسێكیش بۆچونی جیاوازیان هەیە.
ڕاشیگەیاندوە، لە دواین كۆبونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی دوو لیژنەیان پێكهێناوە، یەكەمیان تایبەتە بە بنەما سەرەكییەكانی كارنامەی حكومەت كە رەنگە ئەركی ئەم لیژنەیە درێژە بكێشێت لەگەڵ لایەنی تریش كە بێنە نێو حكومەت، و لیژنەی دووەم پەیوەستە بەوەی بە چ پێوەرێك ئێمە و لایەنی دیكە لە كابینەكەدا پۆست وەردەگرین.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری گۆڕان ڕوونیشیكردووەتەوە، بڕیاربوو لیژنەكان لەپێش هاتنی ساڵی نوێ بەشێوەیەكی دووقۆڵی كۆبونەوەی خۆیان بكەن بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێكەوە ئەنجام نەدران، چاوەڕوان دەكەن لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەو كۆبونەوانە بەڕێوە بچن و دەست بەكاری خۆیان بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group