گەورەترین دوو دەوڵەتی جیهان پێویستییان بە 80 ملیۆن ئافرەت هەیە

22/01/2019 هەمەڕەنگ

نەوا

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ ئاشكرایكرد، چین و هیندستان، كە گەورەترین دوو وڵاتی جیهانن لەڕووی دانیشتوانەوە، پێویستییان بە 80 ملیۆن كەس هەیە لە رەگەزی مێ بۆئەوەی ژمارەی نێر و مێ یەكسان بكەنەوە.
رێكخراوەكە لەنوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، چین و هیندستان كێشەی كەمی رەگەزی مێیان هەیە و ئەوەش ناهاوسەنگی لەرێژەی رەگەزدا دروستكردوە، بەجۆرێك لە زۆربەی ناوچەكانی ئەو دوو وڵاتەدا، 120 نێر بەرانبەر هەر 100 مێیە.
ئەوەش رونكراوەتەوە، كە كەمی رەگەزی مێ نیگەرانی گەورەی لەلای دەسەڵاتدارانی ئەو دوو وڵاتە دروستكردوە، لەكاتێكدا بەكۆی گشتی هەردوو وڵات پێویستییان بە 80 ملیۆن كەس لە رەگەزی مێ‌ هەیە و لەداهاتودا ئەو پێویستییەش زیاتر دەبێت.
سەبارەت بەهۆكاری ئەو جیاوازیە، هیومان رایتس وۆچ رونیكردوەتەوە، سیاسەتی یەك منداڵ، كە چین لەساڵی 1979ەوە تا 2015 پەیڕەوی كردوە، یەكێك بووە لە گەورەترین هۆكارەكانی ئەو جیاوازییە، هەروەها تائێستا زۆرێك لەخێزانە چینیەكان رەگەزی مێ‌ لەباردەبەن، سیاسەتی یەك كوڕیش بوەتەهۆی كەمبونەوەیەكی زۆر لە ژمارەی رەگەزی مێ-دا.
جێی باسە، كۆمەڵگەی هیندیش بەیەكێك لەو كۆمەڵگایانە دادەنرێت، كە خێزانەكانی حەزیان لە رەگەزی نێرە و بەشێوەیەكی بەرچاو كۆرپەی رەگەزی مێ‌ لەباردەبەن، یەكێك لەهۆكارەكانیشی ئەوەیە رەگەزی مێ تێچوویەكی دارایی زۆر لەسەر خێزانەكانیان دەكەوێت لەكاتی هاوسەرگیریدا و زۆرینەی دانیشتوانی هیندستانیش هەژار و چینە مامناوەندەكانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group