پۆلیسی هەولێر: لە بەرنامەدایە 5 هەزار كامێرای چاودێری لە هەولێر دابنرێت

23/01/2019

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە وەك سیستەمی پایتەختی وڵاتان لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان كامێرای چاودێری دادەنرێت و ئامانج لە دانانی ئەو كامێرایانە كۆنترۆڵكردنی ئەمنییەت و چاودێریی ڕووداوەكانە و لەو ڕێگایەوە كارئاسانی بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەكات.
ساڵی 2013 پلانی دانانی 5 هەزار كامێرای چاودێری بۆ شاری هەولێر دانرا بە پێی پلانەكە دەبێت ئەو كامێرایانە لە شوێنە گشتییەكان و ناوشار و دەرەوەی شار دابنرێت.
 لیوا عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە: "بە هۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەی دانانی كامێرای چاودێری لە هەولێر وەستاوە، لە ئەگەری باشبوونی دۆخی دارایی، هەنگاوی سەرەكیی دانانی پرۆژەی 5 هەزار كامێرای چاودێری دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە شەقامە گشتییەكانی شار و دەرەوەی شار دەگرێتەوە، ئەم پرۆژەیە هاوشێوەی هەمان ئەو پرۆژانە دەبێت لە شاری ئەستەمبوڵ و عەممان جێبەجێ كراون و سەركەوتوو بوونە".
وتیشی: "گوژمەی پرۆژەكە نزیكەی 60 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت، دەكرێت بە قۆناغبەندی كاری لەسەر بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە كاری لەپێشینەمان جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەبێت".
ئاماژەی بەوەش دا، بە حوكمی فراوانبوونی شاری هەولێر و هاتنی كۆمپانیا و خەڵكی دەرەوەی شارەوە، دەبێ لەوبارەیەوە ئامادەكاریی ئەمنی بكرێت و تیمەكانی ئەمنی چاودێریی وردی دۆخەكە دەكەن و ئەو بەرنامەیەش كارئاسانیی باش بۆ پۆلیسی هەولێر دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group