"مەسعود بارزانی لیژنەیەكی تایبەت بەپرسی كەركوك پێكدەهێنێت"

23/01/2019

 
نەوا-كاروان مەحمود


پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەك بۆ پرسی كەركوك پێكهێنراوەو چەند كۆبوونەوەیەكمان لە رابردوو ئەنجامداوەو رۆژی پێنج شەممەش لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجامدەدرێت و چەند لایەنێك بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هاوكات یەكێك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی لەلایەن پارتییەوە تایبەت بە پرسی كەركوك پێكهێنراوە، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەلایەن مەسعود بارزانی لیژنەیەك تایبەت بە پرسی كەركوك پێكهێنراوە، "كەمال كەركوكی"سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات و لەماوەی رابردوو چەند كۆبوونەیەكمان كردووە، بڕیارە رۆژی پێنج شەممە لە بەغدا كۆبوونەوەی دیكە ئەنجامبدرێت و لە هەفتەی داهاتووش بە بەشداری یەكێتی جارێكی دیكە كۆدەبینەوە، ئەوەشی وت: "لەدوا كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بڕیار دراوە لە بەشێكی مەكتەبی سیاسی هەردوولا لیژنەیەكی دیكە پێكبهێنرێت كە كار لەسەر سەرجەم بابەتەكانی تایبەت بەپرسی كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و ئاسایی كردنەوەی نێوان یەكێتی پارتی دەكەن، بەڵام تائێستا لیژنەكە دەست بەكار نەبوون، هەركات دەستبەكاربوون كار بە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم لیژنەیە دەكەن كە ئێستا هەیە".

سەبارەت بە كۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی ئەو لیژنەی پارتی لە بەغدا و بەشداری لایەنەكان لەو كۆبوونەوەیە، شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هاوكات یەكێك لە ئەندامانی ئەو لیژنەیەی لەلایەن پارتییەوە پێكهێنراوە تایبەت بە پرسی كەركوك، بۆ رادیۆ نەوا وتی: "ئەو كۆبوونەوەیە داخراوە، لەگەڵ لایەنێكی دیاریكراو ئەنجامدەدرێت، ئێمە لە لیژنەی ئاسایی كردنەوەی پارتی و یەكێتیش بەشدار دەبێت، هەریەك لە عەرەب و توركمانیش لە كۆبوونەوەكەدا دەبن و دوای كۆبوونەوەكەش زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئاشكرا دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group