ژمارەی ئەو كەناڵانەی مۆڵەتەكانیان نوێ كردووەتەوە ئاشكرا دەكرێن

30/01/2019

نەوا-كاروان مەحمود

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم ژمارەی ئەو كەناڵانەی راگەیاندن ئاشكرا دەكات كە تائێستا پابەندی پێدانەوەی قەرزەكانیان نەبوون و ئەوەش ئاشكرادەكات، جیاوازی لەنێوان كەناڵە حزبییەكان و كەرتی تایبەت ناكرێت.
محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم بە رادیۆ نەوای راگەیاند، رۆژی 31ی كانونی دووەم دوایین مۆڵەتە بۆ ئەو كەناڵانەی راگەیاندن كە مۆڵەتەكانیان تازە نەكردووەتەوەو ئەگەر پابەندی داواكاریەكەمان نەبن ئەو كەناڵانەی قەرزەكانیان نەگێڕاوەتەوەو مۆڵەتیان نوێ نەكردووەتەوە دادەخرێن.
وتیشی: "بەهۆی ئەوەی لە پارێزگا جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانن تائێستا ئاماری دورست نییە بۆ ئەو كەناڵانەی راگەیاندن كە پارەكەیان گێڕاوەتەوە، بەڵام نزیكەی 30 بۆ 35 كەناڵ قەرزابوون و لە ئێستا بەپێی زانیاریەكان نزیكەی 10 كەناڵ مۆڵەتەكانیان نوێ كردووەتەوەو نزیكەی 20 كەناڵ ماون ئەوانیش چاوەڕواندەكرێت تاوەكو رۆژی پێنج شەممە كاتژمێر 12ی پابەندی داواكارییەكەی وەزارەتی رۆشنبیری ببن".

سەبارەت بەو گلەیی ناڕەزاییانەی دەكرێن بەوەی ناتوانرێت كەناڵە حزبیەكان دابخرێن و سزاكان تەنها بۆ كەناڵەكانی كەرتی تایبەتە، محەمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، "جیاوازی لە نێوان كەناڵەكانی راگەیاندن ناكرێت، بەڵام ناتوانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ كەناڵێكی ناوخۆیی دەكرێت بەهەمان شێوە لەگەڵ كەناڵێكی ئاسمانی ئیجرائات بكرێت، بۆ ئەوەش داوا لەوەزارەتی ناوخۆ دەكەین رێوشوێنەكانیان بەسەردا جێبەجێ بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group