پەنابەرێكی كورد بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبی ئوستراڵیای وەرگرت

01/02/2019 هەمەڕەنگ

 

پەنابەرێكی كورد لە دورگەی مانوس، كە وەك بەندیخانەی پەنابەرانی نایاسایی وایە، بەهۆی نوسینی كتێبێكەوە، بەهادارترین خەڵاتی ئوستراڵیای وەرگرت.
بەهرۆز بوچانی، خەڵكی ئیلامی رۆژهەلاتی كوردستانە و ماوەی نزیكەی 6 ساڵە لە كامپی مانوسی پاپوا نیو گینیا دەستبەسەرە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ویستویەتی بە نایاسایی بچێتە وڵاتی ئوستراڵیاوە.
ئەو پەنابەرە كوردە كە رۆژنامەنوسە، لە رێگەی واتس ئاپەوە و لەماوەی 5 ساڵدا كتێبێكی بەناوی "جگە لە چیاكان هیچ دۆستێكمان نەبوو" نوسیوە و كتێبەكەش لە ئوستراڵیا خەڵاتی ڤیكتۆریای وەرگرتووە، كە بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبی ئەو وڵاتەیە و بڕی خەڵاتەكە 100 هەزار دۆلارە.
بەهۆی بەندكردنیەوە لە دورگەی مانوس ئەو پەنابەرە كوردە ئامادەی وەرگرتنی خەڵاتەكەی نەبووە.
جێی باسە بەهرۆز بوچانی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام چاودێران و پاسەوانانی دورگەكە هێرشدەكەنە سەرپەنابەران، ترسی هەبووە لەوەی ئەگەر كتێبەكەی لەسەر كاغەز بنوسێت، لەو هێرشانەدا بفەوتێت، بۆیە لە رێگەی واتس ئاپەوە كتێبەكەی نوسیوە.
هاوكات راشیگەیاندووە، ئامانج لە نوسینی ئەو كتێبە وەرگرتنی خەڵات نەبووە، بەڵكوو راكێشانی سەرنجی رای گشتی جیهانی بووە لەسەر دۆخی ئەو پەنابەرانەی لە دورگەكەدا دەستبەسەرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group