یوڤانتۆس دەمی مارسیلۆ چەور دەكات

02/02/2019 وەرزش

نەوا
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بێت، یوڤانتۆس ئۆفەرێكی گەورەی سەرنجڕاكێش بۆ بەدەستهێنانی مارسیلۆ بەرگریكاری لای چەپی ریاڵ مەدرید ئامادە دەكات تا لە هاوینی داهاتودا بەدەستیبهێنێت.
رۆژنامەی "تۆتۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی ئەو زانیارییەی بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، بڕی ئۆفەرەكە دەگاتە 45 ملیۆن یورۆ و دەیانەوێت مارسیلۆ و كریستیانۆ رۆناڵدۆ پێكەوە لە تیمەكەی ماسیمیلیانۆ ئەلیگری-دا كۆبكەنەوە.
لە پاڵ ئەو ئۆفەرە، ساڵانەش بڕی 12 ملیۆن یورۆ وەك موچە بە بەرگریكارە بەرازیلییەكە دەدرێت.
ئەم زانیاریانە لەكاتێكدایە خودی یاریزانە بەرازیلییەكە دەیەوێت پەیوەندی بە خانمەپیرەكەی ئیتاڵیاوە بكات، بەڵام دەبێت سەرەتا ئیدارەی یانەی ریاڵ مەدرید قایل بكات، چونكە غەرامەی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكەی دەگاتە 200 ملیۆن یورۆ.
رۆناڵدۆ و مارسیلۆ بە خێزانەكانیانەوە پەیوەندییەكی پتەو و تۆكمەیان هەیە و لە هەفتەی رابردوشدا هاوسەرەكەی بەرگریكارەكەی ریاڵ مەدرید ئەو هەستەی نەشاردەوە، كە رۆیشتنی رۆناڵدۆ و خێزانەكەی لە مەدرید، ئەوانی بێ كەس كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group