وتەبێژی پارتی وەڵامی راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق دەداتەوە

09/02/2019 عێراق

 

وتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان وەڵامی ئەمیر كینانی، راوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقی دایەوە و رایگەیاند "پێدەچێ ئەو كابرایە لەوەتای بووەتە راوێژكار، هەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشكی درابێت".
ئەمیر كینانی راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق و سەركردە لە رەوتی سەدر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەل كەناڵی ئەلعێراقیە رایگەیاندبوو، لە پێناوی ئەوەی كورسی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ كاندیدەكەی بارزانی بێت، ئێران ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار خەرج بكات.
لە بەرامبەردا مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاندووە: "قسەكانی راوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق (ئەمیر كینانی) لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و بارزانی و پارتی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلعێراقیە جێگەی سەرسووڕمانە. پێدەچێ ئەو كابرایە لەوەتای بووەتە راوێژكار، هەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشكی درابێت".
وتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاندووە "لە وەڵامی قسە ناڕاستەكانیشیدا دەڵێین، ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا راوێژكاری سەرۆككۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆككۆمار، دەبوو بە سەرۆككۆمار".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group