نەتانیاهوو: بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبونەوەی ئێران لە سوریا

10/02/2019 جیهان

 

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوە و شكستپێهێنان بە هەوڵەكانی ئێران بۆ خۆقایمكردن لە سوریا، هەروەك جەختیش لە سەر بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی وارشۆ دەكاتەوە، كە ئامانج لێی دروستكردنی كۆدەنگی جیهانیە لە بەرامبەر مەترسیەكانی حكومەتی تاران بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بنامین نەتەنیاهوو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە بەشداری كۆنفرانسی ئاسایش و ئاشتی وارشۆ دەكەن كە بڕیارە لە 13 و 14ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت.
نەتانیاهوو لە تویتیكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە بە زمانی فارسی بڵاویكردووەتەوە ڕاشیگەیاندووە، لە كۆنفرانسەكەدا گفتوگۆ دەكات دەربارەی ڕێگاكانی شكستپێهێنانی خۆقایمكردن و مانەوەی ئێران لە ناوخۆی سوریا و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەكانی تاران و ڕێگریكردن لەوەی بتوانێت چەكی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت.
سەرۆك وەزیرانی ئێسرائیل ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆنگرەكەدا چاوی بە هەریەكە لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە ئەو وڵاتە و ژمارەیەك لە سەركردەكانی جیهان دەكەوێت، بە مەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جێی باسە بە دەستپێَشخەری ئەمریكا كۆنفرانسی وارشۆ لە ژێر ناوی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت و وەك مایك پۆمپیۆ رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەكی كۆنفرانسەكە، سازكردنی كۆدەنگیەكی نێودەوڵەتیە لە بەرامبەر مەترسیەكانی ئێران و گروپەكانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group