كەشتییەكی فریاگوزاریی ئەڵمانیا بەناوی "ئالان كوردی"یەوە ناونرا

11/02/2019 جیهان

نەوا
دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا لە دورگەی (پالما دی مایۆركا)ی ئیسپانیا، ناوی ئایلان كوردی منداڵە كۆچەرە خنكاوەكەی رۆژئاوای كوردستان لەو كەشتییە ئەڵمانییە نرا، كە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا كاردەكات بۆ رزگاركردنی ئەو كۆچەرانەی گیردەخۆن.


ئایلان ساڵی 2015 لەگەڵ خێزانەكەیدا لە دەریای ئیجەدا كەوتنە ناو ئاوەوە، بەڵام خنكا و پاشان تەرمەكەی لە كەناراوەكانی توركیادا دۆزرایەوە، لەوكاتەشەوە بۆتە سیمبولی كارەساتباری رێگای قاچاخی گەیشتن بە ئەوروپا.
لە رێوڕەسمی ناونانی كەشتییە ئەڵمانییەكە، عەبدوڵڵا كوردی باوكی ئایلان و تیمای خوشكی ئامادەبون و باوكی لە وتەیەكیدا رایگەیاند، خۆشحاڵن ئەو كەشتی فریاگوزارییەی ئەڵمانیا ناوی كوڕەكەیانی هەڵگرتوە. وتیشی "پێویستە هەرگیز كوڕە بچوكەكەمان لە یاد نەكرێت".


هەروەها عەبدوڵڵا كوردی دەڵێت "زۆرێك هاوبەشی غەمی ئێمەن بۆ لەدەستدانی هاوسەر و منداڵەكانم، هەزارانی خانەوادەی دیكەش هەن، كە بەوپەڕی كارەساتبارییەوە كوڕ و كچەكانیان لەو رێگایەدا لەدەستداوە".
ئایلان تەمەنی تەنها سێ ساڵان بوو، كە ساڵی 2015 لەگەڵ رەیحانەی دایكی و غالب برای لە دەریای ئیجەی نێوان توركیا و یۆنان گیانیان لەدەستدا.
ئەو كەشتییەشی ناونراوە "ئالان كوردی" كە زیاتر بە ئایلان ناسراوە، خاوەندارێتییەكەی بۆ رێكخراوی "سی. ئەی"ی ئەڵمانی ناحكومی دەگەڕێتەوە و پێشتریش ناوی پرۆفیسۆر ئەلبێرخت بینك-ی هەبوە و لە رۆژی 10-2-2019ەوە كراوەتە "ئالان كوردی".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group