سێ‌ وڵات هاوكاری زانایەكی ئەتۆمی ئێرانی دەكەن بۆ هەڵاتن

11/02/2019 جیهان

نەوا

رۆژنامەكانی بەریتانیا و ئیسرائیل ئاشكرایانكردوە، دەزگاكانی هەواڵگری ئەمریكا "CIA" و  بەریتانیا "M16" و ئیسرائیل "مۆساد" هاوكاری زانایەكی ئەتۆمی ئێرانیان كردوە بۆئەوەی لەوڵاتەكەی هەڵبێت.
رۆژنامەكانی "دەیلی مەیل، سەندای ئیكسپرێس و جیروزالیم پۆست" لەراپۆرتێكی هاوبەشدا بڵاویانكردوەتەوە، ئەو زانا ئەتۆمیە ئێرانییە، كە تەمەنی 47 ساڵانە، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی هەر سێ‌ وڵاتەوە هاوكاریكراوە بۆئەوەی وڵاتەكەی جێبهێڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، ئەو كەسە لە كۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردودا هاوكاری كراوە لەئێرانەوە بگاتە توركیا، دواتر لەگەڵ كۆچەرە ئێرانیەكاندا بە رێگای ئاوی بە بەلەمێك گواستراوەتەوە بەریتانیا.
بەپێی راپۆرتەكە، دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو زانا ئێرانیەدا كردوە و دەربارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران زانیاری لێوەرگرتوە، پاشان لە رێگەی فڕۆكەوە گواستراوەتەوە ئەمریكا.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، ئەو زانا ئێرانییە (بێ ئەوەی ناوی بهێنرێت)، پێشتریش لەساڵی 2012دا هاوكاری دەزگا هەواڵگرییەكانی كردوە بۆ كوشتنی مستەفا ئەحمەدی روشان یەكێك لە زانا ئەتۆمییەكانی ئێران، كە ئەوكات تاران، ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی ئەو كارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group