رۆحانی: بۆ دروستكردنی موشەك داوای مۆڵەت لەكەس ناكەین

11/02/2019 جیهان

 

لە ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا، سوپای پاسداران چەند نمونەیەك لە موشەكە دورهاوێژەكانی نمایش دەكات و سەرۆكی ئەو وڵاتەش دەڵێت: بۆ دروست كردنی موشەك مۆڵەت لە كەس وەرناگرین.
رۆژی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران لە سەر رێرەوی خۆپیشاندانی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە لە تاران، موشەكە دورهاوێژەكانی "قیام" قەدر" و "زولفەقار"ی نمایش كرد.
هاوكات و لە وتەیەكدا بۆ خۆپیشاندەران، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: ئێمە بۆ دروستكردنی جۆرەها موشەكی مەودا كورت، مەودا مامناوەند و مەودا درێژ مۆڵەتمان لەكەس وەرنەگرتووە و وەریشی ناگرین.
وتیشی: ئەو رێچكەیەی بۆ بەرگری و بەهێزكردنی خۆمان لە رووی سەربازیەوە گرتومانەتەبەر بەرینادەین و بەردەوام دەبین لەسەری.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی بە هۆی پەرەپێدان بە بەرنامەی موشەكی، رەخنەی توندیان لە ئێران گرتووە و لە هەوڵی ئەوەدان سنورێك بۆ ئەو هەنگاوە سەربازیەی تاران دابنێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group