پۆلیسی سلێمانی: كەسێك لەسەر بردن و سوتاندنی ئۆتۆمبێلی هاوسەرەكەی دەستگیركراوە

12/02/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، لەدرێژەی كاروچالاكییەكانیان 11 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە تاوانەكانی، فێڵكردن لە هاووڵاتیان، زیادەڕەوی، ناپاكی خێزانی و چەند جۆرێكی دیكەی تاوانیان ئەنجامداوە، هەروەها لە بازیانیش بكوژێك و كەسێك دەستگیركراون، كە ئەوەی دووەم ئۆتۆمبێلی ژنەكەی بردوە و سوتاندویەتی.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردوەتەوە لەماوەی هەفتەی رابردودا هێزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین 11 تۆمەتباریان دەستگیركردوە، چواریان پارەی هاووڵاتیانیان بە فێڵ بردوە و سێ‌ تۆمەتباری دیكەش زیادەڕۆییان كردوەتەسەر موڵكی دەوڵەت، هەروەها دوو تۆمەتبار ناپاكی خێزانییان كردوە و ئەوانی دیكەش بە تۆمەتی جیاجیا دەستبەسەرن.
هەروەها پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونیكردوەتەوە، دوای ئەوەی كەسێك لەناوچەی بازیانی سەربە پارێزگای سلێمانی بەچەقۆ ژن براكەی خۆی دەكوژێت، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ناوچەكەوە لەماوەیەكی كەمدا دەستگیركراوە. ئەو تۆمەتبارە بەڕەگەز سورییە و بەفەرمانی دادوەر بەندە.
هەروەها تۆمەتبارێكی دیكەش لەسەر بردنی ئۆتۆمبێلی هاوسەرەكەی و پاشان سوتاندنی، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group