وەزیری نەوتی عیراق: هەرێم پابەندی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت

12/02/2019 عێراق

نەوا
سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق دەڵێت "زۆر گەشبینم بەوەی هەرێمی كوردستان پابەنددەبێت بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا". ئاشكراشیدەكات لەئێستادا هەرێم رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
غەزبان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەپارێزگای بەسڕە وتی "زۆر گەشبینم بەوەی هەرێمی كوردستان پابەنددەبێت بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا بۆ هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2019دا".
وتیشی "لەئێستادا هەرێمی كوردستان رۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لەكۆتایی ساڵدا ئەو بڕە دەگاتە 550 هەزار بەرمیل".
وەزیری نەوتی عیراق تەئیكدیشیكردوەتەوە، لەكۆتا سەردانیدا بۆ بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە كۆبوەتەوە.
بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2019ی عیراق سەرەڕای موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، بەغدا پشكی هەرێم لە بودجە دەنێرێت و پێویستە هەرێمیش لەبەرانبەردا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقەوە هەناردە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group