"پاككردنەوەی موسڵ لە تەقەمەنی 10 ساڵی پێویستە"

12/02/2019 محەمەد ئیراهیم

دەزگای چالاكی مینی سەربە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكرد، پاككردنەوەی شاری موسڵ لە مینە چێندراوەكان و پاشماوەی تەقەمەنییەكان و پاككردنەوەی مۆڵگەكانی داعش، پێویستی بە 10 ساڵ هەیە.
دوای ئەوەی لە مانگی 6ی 2014دا چەكدارانی داعش شاری موسڵیان داگیركرد، لە ئۆكتۆبەری 2016دا پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ لەلایەن هێزە عیراقیەكانەوە دەستیپێكرد، دوای نزیكەی 10 مانگ شەڕكردن  لەداعش پاككرایەوە، بەڵام زۆرینەی شارەكە بە تەواوی وێرانكرا.
بەپێی ئامارەكان لەكاتی روبەڕوبونەوەكانی ناو شاری موسڵ و دەوروبەری، نزیكەی 800 هەزار كەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتوە و ئاوارەبون، دوای ئازادكردنی شارەكەشیان زۆرینەی دانیشتوان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاشكرایكردوە موسڵی كۆن بە تەواوی وێران  بووە، زۆرینەی باڵەخانەكان و خانووەكانی خاپور بوون، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراو و تەقەمەنی ژینگەكەشی پیس بووە، بۆیە دانیشتوانەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لەوبارەیەوە، پێر لۆهارد سەرۆكی دەزگای چالاكی مینی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، لەدوای پاككردنەوەی شارەكە لە تەقەمەنیەكان، ئەوكات هاووڵاتیان دەتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان، لە ئێستادا تەقەمەنییە نەتەقیوەكان و بۆمبە چێندراوەكان و تەڵەكان مەترسییان لەسەر ژیانی خەڵكی شارەكە هەیە.
لۆهارد ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو تەقەمەنیانە بەهۆی بەهێزیانەوە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیان و زوربەیان لەناو سندوقێكدان كە لە كانزا دروست كراوە كە دەبنە هۆی وێرانكاری.
 لەدوای كۆتایهاتنی پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ لە كۆتایی ساڵی 2017 دەزگای چالاكی مینی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بە كارەكانی كردووە بۆ پاككردنەوەی شارەكە، بەوهۆیەشەوە توانراوە 76 ملیۆن تەن پاشماوەی جەنگ لەشارەكە لاببرێن و 17 هەزار تەقەمەنی مەترسیدار كە لە 2 هەزار جۆری جیاواز پێكهاتبوون لەشارەكە دوورخراونەتەوە كە 782 پشێنی خۆكوژی لەخۆدەگرێت و زۆربەیان لەناو پاشماوەی دارو پەردووی رووخاوی شارەكەدا بە چەكدارانی داعشەوە بوون، ئەم ئەركەش ئەركێكی زۆر پڕ مەترسی بووە بۆ كارمەندانی دەزگاكە لەرووی جەستەیی و دەرونییەوە.
دەزگای چالاكیی مین ئەوەشی ئاشكراكردووە، بەخێرایی كار لەسەر پاككردنەوەی مینە چێندراوەكان و تەقەمەنی و كەرەستە جەنگییە بەجێماوەكان دەكرێت، بەڵام رێژەی پیسبوونی كەشوهەوای شارەكە مەترسی گەورە جێدەهێَڵێت. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group