عارف تەیفور: پێكهێنانی حكومەت و پرسەكانی كەركوك و بەغدا سێ پرسی جیاوازن

12/02/2019

 

عارف تەیفور بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئێران بە باش ناودەبات و سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتیش بە ئاماژەدان بەوەی لاریان نییە لە بەشداری كردنی كۆمەڵی ئیسلامی، باس لەوەدەكات، پرسی پێكهێنانی حكومەت و كەركوك و بەغدا بەلایانە یەك پاكێج نییە.
عارف تەیفور، كەبەسەرۆكایەتی شاندێك بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئێران سەردانی كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتەی كردبوو، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران باشە و ئەوەی لە ئێرانەوە دەیبینین پشتیوانیان هەیە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵ دەدەین بە هەردوولاوە چی لە بەرژەوەندی هەرێم و میلـلەتەكەمانە جێبەجێی بكەین".
لە بارەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێم و بەستنەوەی پرسەكانی بەغدا و كەركووك و ھەرێم پێكەوە وەك لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە داوای دەكرێت، عارف تەیفور وتی: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتەنها و لە لای خۆیەوە داوای یەك پاكێجی دەكات، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان نە كێشەی ھەرێم نە كێشەی كەركووك نە كێشەی بەغدا بە یەكیان نابەستینەوە، سێ كێشەی لەیەك جیاوازن". 
عارف تەیفور لە بارەی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە حكوومەت وتی: "كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە مافی خۆیانی دەزانین ئەگەر بەشدار ببن لە حكوومەت كە حەوت كورسییان بەدەستھێناوە، ئەگەر حەزیان لێبێت بەشداری بكەن ئەوە ئێمە مانعمان نییە و پێشوازییان لێدەكەین". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group