خشتەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راگەیەنرا

12/02/2019

 

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەوەكالەت داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە دەكات رۆژی 18ـی ئەم مانگە ئامادەی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بن.
بەپێی خشتەكە، ئاماژە بە شوێنی كۆبوونەوەكە نەكراوە بەڵام كاتژمێر 10:00ی بەیانی رۆژی دووشەممە 18-2-2019 دەستپێدەكات.  
هەر بە گوێرەی ئەو خشتەیە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا تاوتوێی "رەوشی ئەمنی و ئیداری ئێستای پارێزگاكە" دەكرێت و كاتژمێر 1:00 كۆتایی بە كۆبوونەوەكە دەهێندرێت.
جێی باسە هەفتەی رابردوو پارتی و یەكێتی لەسەر دیاریكردنی 18ـی ئەم مانگە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێككەوتن. 
سەرباری ئەوەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند، كۆبوونەوەكە لە هەولێر دەكرێت، بەڵام  سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند "نەوتراوە كۆبوونەوەكە  لە هەولێر، كەركووك، پردێ یان چەمچەماڵ بێت، بەڵكو دەبێ بەشێوەیەك بێت كە هەموو لایەك ئامادەبن و هیچ لایەك نەڵێت نایەم. ئێمە (كورد) زۆرینەمان هەیە و پێمانخۆشە هەموو لایەنەكان رازیبن و دەبێ پارتی و یەكێتیش هەوڵی ئەوە بدەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group